رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەورۆز دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات، کاتێک لە یارییەکی زەحمەتدا بەرامبەر یانەی موسڵ یاریی دەکات.
یارییەکە ئەمشەو لە رکابەرییەکانی گەڕی شەشەمی خولی ئەستێرەکانی عێراق لە یاریگای نەورۆز لە سلێمانی بەڕێوەدەچێت، تیپەکەی وەلی کەریم، دوای بردنەوەی یاریی رابردوویان لە نەفتی میسان چاوی لە بەدەستهێنانی سەرکەوتنێکی دیکە و باشترکردنی شوێنەکەیەتی لە ریزبەندی خولەکەدا.
پێش یارییەکە، وەلی کەریم، راهێنەری یانەی نەورۆز لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئامادەکارییەکانمان بۆ یارییەکەی بەرامبەر موسڵ وەکو هەموو یارییەکانی دیکەیە، پێویستیمان بە کارکردنێکی زۆر هەیە. موسڵ تیپێکی بەهێزە و یاریزانی زۆرباشی هەیە، جگە لەوەش خاوەنی دەستەیەکی راهێنەری لێهاتووە."
راهێنەری یانەی نەورۆز گوتی "هیوادارم یاریزانەکانم لە رۆژی خۆیاندابن و ئاستێک پێشکێش بکەن شایستەی ناوی نەورۆز و ئامادەبووان بێت. ئامانجی ئێمە بردنەوەی سێ خاڵی یارییەکەیە بۆ ئەوەی زیاتر لە پلەکانی پێشەوەی ریزبەند نزیک ببینەوە."
موسڵ لە دۆخێکی باشدایە، تیپەکە لەم وەرزەدا تەنیا یەک یاریی لە پێنج یاریی رابردوودا دۆڕاندووە، دوو بردنەوە و دوو یەکسانبوونی هەیە و ئێستا لە پلەی حەوتەمی ریزبەندە.
هەیسەم شەبوول، راهێنەری یانەی موسڵ دەڵێت "چاوەڕێی یارییەکی گرنگ دەکەین بەرامبەر نەورۆز و پێویستە مامەڵەیەکی باش لەگەڵ رووداوەکانی یارییەکە بکەین. تیپەکەم ئامادەیە، سەرەڕای ئەوەی چەند پێکانێکمان هەیە، بەڵام یاریزانەکانی دیکە بەتەواوی ئامادەن و بەدوای ئەوەدا دەگەڕێین ئاستێکی هونەری بەرز پێشکێش بکەین، کە لە ئاستی چاوەڕوانیی دەستەی کارگێڕی و هاندەراندا بێت."




