رووداو دیجیتاڵ
یانەی دهۆک دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات، کاتێک لە دێربییەکی کوردستانیدا بەرامبەر یانەی گازی باکوور یاریی دەکات.
دهۆک لە یاریی رابردوودا سەرکەوتنی بەدەستهێناوە و بەبردنەوەی لە یانەی جەوییە، یەکەم سێ خاڵی لەم وەرزەدا بەدەستهێنا و گرێی بردنەوەکانی کردەوە.
لە چەند رۆژی رابردوودا ئەلهویێن چیا دوور لە چاوی میدیاکان مەشق و راهێنانەکانی ئەنجامداوە و تیپەکە بۆ یارییەکەی ئەمڕۆ ئامادەیە.
لە یارییەکەدا کومەیل سەعدی، گۆڵپارێزی یانەکە بەهۆی ئەو پێکانەی لە یاریی رابردوودا تووشی بوو، بەشداری لە یارییەکەدا ناکات و ئەحمەد بەشار، بەشێوەی سەرەکی پارێزگاری لە گۆڵی یانەی دهۆک دەکات.
دهۆک ئێستا دوای ئەنجامدانی 5 یاریی، چوار جار یەکسانبووە و سەرکەوتنێکی بەدەستهێناوە، یانەکە خاوەنی 7 خاڵە و دەیەوێت بە سوود وەرگرتن لە یاریگا و هاندەرانی ژمارەی خاڵەکانی بۆ 10 خاڵ بەرزبکاتەوە.
یانەی گازی باکوور، دەیەوێت قەرەبووی دۆڕانی یاریی رابردووی بکاتەوە، کاتێک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی دهۆک یاریی دەکات.
تیپەکەی شاری کەرکووک، دوو رۆژ لە دهۆک مەشق و راهێنانەکانی ئەنجامداوە و بۆ یارییەکە بەتەواوی ئامادەیە، هیچ یاریزانێکی یانەکە پێکانی نییە و چاوی لەوەیە بە ئەنجامێکی باشەوە لە دهۆک بگەڕێتەوە.
گازی باکوور لە یاریی رابردوودا بەرامبەر یانەی جولان دۆڕاوە، دەیەوێت قەرەبووی ئەو دۆڕانە بکاتەوە، ئەمە دووەم یاریی یانەکەیە بەرامبەر یانە کوردستانییەکان، دوای ئەوەی لە گەڕی یەکەمی خولەکەدا بەرامبەر یانەی زاخۆ دۆڕا.
گازی باکوور، لەو پێنج یارییەدا کە تاوەکو ئێستا ئەنجامیداون، یەک بردنەوەی هەیە، دووجار یەکسانبووە و لە دوو یارییدا دۆڕاوە.
یەحیا گوڵمحەممەدی، راهێنەری یانەی دهۆک لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "یارییەکی زۆر زەحمەتمان دەبێت بەرامبەر گازی باکوور، تیپێکی زەحمەت و رێکخراوە و پێویستە بەبیرکردنەوەیەکی زۆرباشەوە یاریی بکەین بۆ ئەوەی یارییەکە ببەینەوە."
راهێنەری دهۆک دەڵێت "یاریی بە یاریی مامەڵە دەکەین و بەپێی خشتەی خولەکە، ئێمە 22 یاریزانی ئامادەمان هەیە و پشت بە هەموو یاریزانەکان دەبەستین، گۆڕانکاری شتێکی ئاساییە و پێویستیمان بە هەموو یاریزانەکان هەیە، گرنگ ئەوەیە یاریزانەکان بەتەواوی ئامادەبن، یارییەکان زۆر لە یەکدییەوە نزیکن و پێویستیمان بە هەموو یاریزانەکان دەبێت، ئەوانەش کە خولەکی کەمتر یارییان کردووە."
رەئفەت محەممەد، راهێنەری یانەی گازی باکوور لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "بێگومان یارییەکی قورسە، ئێمە هێزی یانەی دهۆک لەسەر یاریگای خۆی و لە نێو هاندەرەکانیدا دەزانین و یانەکە ژمارەیەکی بێشوماری هاندەری هەیە، هەروەها یاریزانی ئەستێرەی خولی ئەستێرەکانی عێراق و ئەستێرەی دیکەی وەک مەواسیان هەیە، هەر بۆیە من تیپەکە و ئەو ئاستە بەرزەم هەڵسەنگاند کە تیپەکە پێشانی دەدات لە خولەکەدا. لای خۆمانەوە ئێمە ئامادەکارییەکانمان بۆ هەموو یارییەکان نزیکەی هەر هەمان ئامادەکارییە، بەڵام بابەتی گەشتکردن هەندێک ماندوومان دەکات، بەتایبەت کاریگەری لەسەر شیاندنەوەی یاریزانەکانمان دەبێت و ئەوە بابەتێکی گەورەیە، چونکە هەموو یارییەکانی ئێمە لە دەرەوەی یاریگای خۆمانە، ئەمە لەلایەک لە لایەکی دیکەوە، ئێمە هەموو ئەو شوێنانەی بۆیان دەچین بۆ یارییکردن، بەراستی رووبەڕووی ئەوە دەبینەوە کە پێداویستییەکانی یارییەکەمان بەردەست نییە، بۆ نموونە مەشقکردن لەسەر یاریگای تیپی بەرامبەر، رۆژێک بەر لە یارییەکە، هەر بۆیە هەموو تیپەکان لەم وردەکارییەدا هاوکاریمان ناکەن و هاوکارییەکانیان وەک پێویست نییە، بەڵام وێڕای ئەوەش، ئێمە پشتبەخوا بۆ یارییەکە ئامادە دەبین و دەمانەوێت ئەوپەڕی توانای خۆمان پێشان بدەین، تاوەکو باشتربین لە گەڕەکانی پێشوو کە تێیدا دووچاری شکست بووین."



