رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ جارێکی دیکە بەبەشداری 36 تیپ دەستپێدەکات و لە یەکەم شەوی پاڵەوانێتییە کیشوەرییەکەدا، ریال مەدریدی ئیسپانی ئەرکی ئاسان نییە.
پاش گەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی گەورەی ئەورووپا و گرێبەستکردنی یانەکە لەگەڵ شەش یاریزانی نوێ، ریال مەدرید کاروانی خۆی لەپێناو بەدەستهێنانی نازناوی شانزەیەمینی پاڵەوانێتییەکە دەستپێدەکات.
کاژێر 22:00 لە نێو سانتیاگۆ بێرنابیۆ، جارێکی دیکە سروودە دڵخوازەکەی ریال مەدرید کە چامپیۆنزلیگە، لێدەدرێتەوە و ئەستێرەکانی یانەکە، خۆیان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئینتەری ئیتاڵی ئامادە دەکەن.
میدیای ئیسپانیا بەلەبەرچاوگرتنی، بێبەشبوونی ریال مەدرید لە ژمارەیەک یاریزانی کاریگەر، بەتایبەت لە ناوەڕاستی یاریگادا، ئەرکەکەی ریال مەدرید بە قورس ناودەبەن.
یاریینەکردنی ئاردا گولەر و بێرناردۆ سێلڤا، کە هەردووکیان لە دوایین بەشدارییاندا لە چامپیۆنزلیگ، کارتی سووریان وەرگرتووە و مافی بەشداری لە یارییەکەی ئەمشەویان نییە، مۆرینیۆ و تیپەکەی دەخەنە بەردەم تاقیکردنەوەیەکی قورسەوە، لە بەرامبەر تیپێکدا، کە سەرەتایەکی ناوازەی لە خولی نێوخۆیی وڵاتەکەی هەبووە.
سەرئێشە بۆ سپێشەڵ وەن و یاریزانەکانی، تەنیا ئەوە نییە کە ژمارەیەکی بەرچاوی یاریزان بەشداریی ناکەن، بەڵکو شکست لە پڕۆڤەی بەر لە شەوە ئەورووپییەکەدا بۆ ریال مەدرید، کە دۆڕان بوو بەرامبەر ریال بێتیس، گوشارەکانی زیادکردووە.
مۆرینیۆ لە لێکدانەوەی شکستەکەی بێتیسدا دەڵێ، "نازانم هۆکارەکە چی بوو". ریال مەدرید باش یارییکرد، بەڵام گۆڵی تۆمار نەکرد، ئەمە ترسێکە هاندەرانی ریال مەدرید ئەمشەو لە دووبارەبوونەوەی دەترسن، چونکە ئینتەر، چەکە هەرە کاریگەرەکەی دەستی، بەرگرییەکی پتەوە.
یارییەکانی دیکە
شەوە ئەورووپییەکە باڵ بەسەر چەندین یاریگای دیکەی کیشوەرەکەدا دەکێشێت.
ئیک ئاسینای یۆنانی و لاسکی نەمسایی لەسەرەتای شەوەکەدا بەیەکدەگەن و هەمان کات، پاڵەوانی یۆرۆلیگی وەرزی رابردوو، ئاستۆن ڤێلا، لە دەرەوەی یاریگای خۆی، چاوی لەسەرەتایەکی باشە، کاتێک بەرامبەر کڵەپ بروجی بەلجیکی یارییدەکات.
بۆرووسیا دۆرتمۆندی ئەڵمانی، کە وەک هەمیشە، هاوینەکەی بەزنجیرەیەک کڕین و فرۆشتنی یاریزانان بەڕێکردووە، لە سیگناڵ ئیدۆنا پارک، بەرامبەر ڤیاڕیالی ئیسپانی یارییدەکات، کە بۆ ئەم وەرزە، جارێکی دیکە گەڕاوەتەوە چامپیۆنزلیگ.
مانچێستەر سیتی، لەگەڵ ئینزۆ مارێسکای راهێنەری نوێ و لەسەردەمێکی نوێدا، یەکەم هەنگاو بەئومێدی بەدەستهێنانەوەی نازناوە ئەورووپییەکە دەنێت.
سیتی لە دەرەوەی یاریگای خۆی، بەرامبەر پۆرتۆی پۆرتوگالی یارییدەکات و سیتی هاوشێوەی سەرەتا باشەکەی لە پرێمەرلیگ، دەیەوێت لە چامپیۆنزلیگیش سەرەتایەکی باشی هەبێت.
نوێنەرێکی دیکەی ئیسپانیا کە لە شەوە ئەورووپییەکەدا دەردەکەوێت، ریال بێتیسە کە سەرمەستە بە بردنەوە لە ریال مەدرید و دەیەوێت لە فەرەنسا و لە بەرامبەر لیلدا، کاروانی خۆی لە چامپیۆنزلیگی ئەمساڵ دەستپێبکات.



