رووداو دیجیتاڵ
یەکێک لە ئەستێرەکانی یانەی ریال مەدرید تووشی گورزێکی نوێ بوو لە دەرەوەی یاریگا، دوای ئەوەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایان کرد کە بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەری کحولدا سزا دراوە. ئەمە لەکاتێکدایە کە یاریزانەکە لە دادگا ئامادە دەبێت، و لەوانەیە تۆمەتی ئەمجارەی ببێتە هۆی زیندانیکردنی بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو.
ئەم بابەتە پەیوەندی بە بەرگریکار راول ئاسێنسیۆوە هەیە، کە پێنجشەممەی داهاتوو لە زێدی خۆی لە دوورگەی گران کاناریا ئامادەی دانیشتنێکی دادگا دەبێت. کەیسەکە دەگەڕێتەوە بۆ هاوینی 2023، کاتێک ڤیدیۆیەکی نەشیاوی دوو کچ بڵاوکرایەوە (یەکێکیان لەو کاتەدا تەمەنی یاسایی تەواو نەکردبوو)، ئەمەش لە کاتی پشووی ژمارەیەک لە یاریزانانی ئەکادیمیای ریال مەدرید لە یانەیەکی کەنار دەریا.
هەرچەندە ئاسێنسیۆ بەشداری لە وێنەگرتنی ڤیدیۆکەدا نەکردووە و لە ناوەڕۆکەکەشیدا دەرنەکەوتووە، بەڵام داواکاریی گشتی تۆمەتباری دەکات بەوەی ڤیدیۆکەی نیشانی کەسی سێیەم داوە، ئەمەش بووەتە هۆی کردنەوەی لێکۆڵینەوە لەسەر پێشێلکردنی تایبەتمەندی خەڵکانی دیکە.
پێشتر داواکاری گشتی ئیسپانیا داوای زیندانیکردنی ئەم بەرگریکارەی ریال مەدریدی کردبوو بۆ ماوەی دوو ساڵ و شەش مانگ و یەک رۆژ، بەڵام لەوانەیە کەیسەکە گۆڕانکاری بەسەردابێت بە قازانجی یاریزانەکە؛ چونکە یاسای ئیسپانیا رێگە دەدات لەم جۆرە حاڵەتانەدا لێپرسینەوەی تاوانکاری لاببرێت ئەگەر هەردوو قوربانییەکە بەفەرمی داوای لێبوردنەکەی قبوڵ بکەن و داواکاری گشتیش تۆمەتەکانی بکێشێتەوە.
لە بەرامبەردا، کەیسەکە دژی سێ لە هاوڕێ پێشووەکانی لە ئەکادیمیای ریال مەدرید بەردەوامە، ئەوانیش (فێران رویز، ئاندرێس گارسیا و خوان رۆدریگێز)ـن، بەهۆی ئەوەی تۆمەتەکانی سەر ئەوان جیاوازن لەوەی ئاسێنسیۆ و سوودمەند نابن لە ئەگەری داخستنی کەیسەکە بە لێبوردنی قوربانییەکان.
قەیرانەکانی ئاسێنسیۆ لێرەدا نەوەستاون؛ رۆژنامەی مارکا ئاشکرای کردووە کە یاریزانەکە بەم دواییانە بەهۆی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل لەژێر کاریگەری کحولدا لە باشووری گران کاناریا سزا دراوە، دوای ئەوەی پۆلیس لە 16ـی ئابی رابردوودا لە کاتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێلەکەیدا رایگرتووە.
ئەنجامی پشکنینەکان نیشانیان داوە کە رێژەی کحول لە خوێنیدا 90 ملگم/لیتر بووە، کە ئەمەش نزیکەی چوار ئەوەندەی ئەو سنوورە یاساییەیە کە رێگەی پێدراوە. بەهۆی ئەمەوە بڕیاری سزادانی دراوە بە بڕی 14:400 یۆرۆ و وەرگرتنەوەی مۆڵەتی لێخوڕینی ئۆتۆمبێل بۆ ماوەی هەشت مانگ.
بەم شێوەیە، ئاسێنسیۆ خۆی لەبەردەم قەیرانێکی دادوەری نوێدا دەبینێتەوە، لەکاتێکدا هێشتا کەیسە کۆنەکەی یەکلایی نەبووەتەوە کە لەوانەیە بۆ ماوەی دوو ساڵ و نیو لە یاریگاکان دووری بخاتەوە، بەمەش داهاتووی ئەم بەرگریکارە لە دەرەوەی یاریگا کەوتووەتە ژێر پرسیارێکی گەورەوە.




