رووداو دیجیتاڵ
جوزێ مۆرینیۆی پۆرتوگالی، بەڕێوەبەری تەکنیکی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، وەڵامی ئەو بەراوردکارییە زۆرانەی دایەوە کە لەنێوان ئەستێرەی فەرەنسی کیلیان ئێمباپێ و ئەفسانەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پێشووی یانە شاهانەکە دەکرێن.
رۆناڵدۆ پێشتر لەنێوان ساڵانی 2009 بۆ 2018 درێسی ریال مەدریدی پۆشیبوو، هەروەها لەژێر سەرپەرشتی مۆرینیۆدا یاری کردووە کاتێک ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە بەرپرسیارێتی تەکنیکی تیپەکەی لەئەستۆ بوو.
ریال مەدرید ئێوارەی دوێنێ چوارشەممە، لە یارییەکی دواخراوی گەڕی یەکەمی خولی ئیسپانیا، سەرکەوتنێکی گەورەی بەسەر یانەی ئیسپانیۆل بەدەستهێنا بە ئەنجامی4-1.
ئێمباپێ لە یارییەکەدا درەوشایەوە، دوای ئەوەی هاتریکی لە خولەکەکانی 40، 60 و 80 تۆمارکرد و تیپی شاهانەی بەرەو سەرکەوتنێکی نوێ برد.
لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکەدا، پرسیار لە مۆرینیۆ کرا سەبارەت بە توانای ئێمباپێ بۆ تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر گۆڵ هاوشێوەی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە یەکێک بوو لە دیارترین گۆڵکارانی مێژووی ریال مەدرید. راهێنەرە پۆرتوگالییەکە گوتی "کیلیان یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە، نازانم لە وەرزێکدا 50 یان 60 گۆڵ تۆمار دەکات یان نا".
جۆزێ زیاتر گوتی "پێم باشترە 40 گۆڵ تۆماربکات و هەوڵێکی زۆر بۆ تیپەکە بدات و نازناوەکان بەدەستبهێنێت، نەک 60 گۆڵ تۆماربکات و تەنیا بیر لە خۆی بکاتەوە".
سەبارەت بە بەراوردکردنەکە، مۆرینیۆ روونیکردەوە "حەزم بەم جۆرە بەراوردکارییانە نییە لەنێوان یاریزانەکاندا، بەڵام تەنیا ئەوە دەتوانم بڵێم کە ئێمباپێ یاریزانێکی ناوازەیە".
لێدوانەکانی مۆرینیۆ لەکاتێکدایە کە بەراوردکاری نێوان ئێمباپێ و رۆناڵدۆ بەردەوامە، بەتایبەت بەهۆی دەسپێکە بەهێزەکەی هێرشبەرە فەرەنسییەکە لەگەڵ ریال مەدرید و تۆمارکردنی ژمارەیەکی زۆر گۆڵ لەو کاتەوەی پەیوەندی بە یانە شاهانەکەوە کردووە.
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە پێیوایە نابێت بەهای هێرشبەر تەنیا بە ژمارەی ئەو گۆڵانەی تۆماری دەکات بپێورێت، بەڵکو دەبێت بەو خزمەتەی بە بەرژەوەندی تیپەکە دەیکات و توانای لە بەدەستهێنانی نازناوەکاندا هەڵبسەنگێندرێت.



