رووداو دیجیتاڵ
ئەلڤارۆ مۆراتا، هێرشبەری ئیسپانی نەیتوانی پێگەی خۆی لە تیپی کۆمۆ لەژێر سەرپەرشتی سیسک فابریگاس جێگیر بکات، وادیارە داهاتووی ئەم یاریزانە تەمەن 33 ساڵە لە دەرەوەی خولی ئیتاڵیایە.
هەروەها نزیکبوونەوەی مۆیس کین لە یانە ئیتاڵییەکە، کە وەک کارێکی مسۆگەر دەردەکەوێت، دەرگا لەبەردەم یاریزانەکەی پێشووی ریال مەدرید و ئاتلێتیکۆ مەدرید دادەخات بۆ بەدەستهێنانی پێگەیەکی سەرەکی.
لەم چوارچێوەیەدا، وادیارە مۆراتا بڕیاری خۆی داوە، کە بەگوێرەی بەرنامەی رادیۆیی ئێل لارجێرۆ El Larguero، یانەی لیگانێس دەبێتە وێستگەی چاوەڕواننەکراوی داهاتووی ئەو یاریزانە ئیسپانییە.
رادیۆکە ئاماژەی بەوە کردووە، وەک ئەوەی رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ گواستوویەتییەوە، کاری لەپێشینەی یاریزانەکە نیشتەجێبوونە لە مەدریدی پایتەخت، هەر لەبەر ئەوەش لیگانێسی هەڵبژاردووە (کە یانەیەکی سەر بە مەدریدە).
بەگوێرەی هەمان سەرچاوە، ئەم یاریزانە نێودەوڵەتییە پێشووەی ئیسپانیا بەشێوازی خواستن لە کۆمۆوە پەیوەندی بە لیگانێسەوە دەکات.
رۆژنامەکە لە زاری سەرچاوەکانییەوە نووسیویەتی "کەسە نزیکەکانی مۆراتا رێککەوتنەکەیان پشتڕاستکردووەتەوە کە ئێستا گفتوگۆی لەسەر دەکرێت. ئەمە پڕۆسەیەکی ئاسان نییە، چونکە لیگانێس لە خولی پلە دوودایە، بەڵام ئەگەر کارەکان بەباشی بڕۆن، مۆراتا دەبێتە هێرشبەری ژمارە 9ـی لیگانێس لەم وەرزەدا.. ئەو زۆر بەپەرۆشە بۆ ئەوەی لە مەدرید بژی".




