رووداو دیجیتاڵ
وەرزی نوێی چامپیۆنزلیگ بە بەشداری 36 یانە دەستپێدەکات و فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا ئامادەکارییەکان بۆ ئەنجامدانی تیروپشکی قۆناخی خول تەواو دەکات، کە تێیدا چەندین یاریی گەورە و بەهێز چاوەڕێی هاندەرانی تۆپی پێ دەکەن.
بڕیارە رۆژی پێنجشەممە 27ـی مانگی 8ـی 2026، کاژێر 19:00 رێوڕەسمی تیروپشکی قۆناخی خولی چامپیۆنزلیگ بۆ وەرزی 2026/27 بەڕێوەبچێت. ئەمە سێیەمین وەرزە پاڵەوانێتییەکە بە سیستمە نوێیەکەی ئەنجام دەدرێت، کە تێیدا هەر یانەیەک 8 یاری بەرامبەر 8 رکابەری جیاواز ئەنجام دەدات، 4 یاری لەنێو یاریگەی خۆی و 4 یاری لە دەرەوەی یاریگەکەی دەبێت.
بەپێی یاساکانی یوفا، 36 یانە بەشداربووەکە بەسەر 4 ئاستدا دابەشکراون، ئەمەش پشتبەست بە ریزبەندی یانەکان لەلایەن فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا بۆ پێنج وەرزی رابردوو تاوەکو وەرزی 2025/26 دیاریکراوە. هەر یانەیەک لە تیروپشکەکەدا رووبەڕووی دوو یانە لە هەر ئاستێک دەبێتەوە، ئەمەش هاوسەنگییەکی زیاتر بە یارییەکانی قۆناخی خول دەبەخشێت.
یەکێک لە مەرجە نوێیەکانی تیروپشکەکە بۆ رێگریکردن لە دووبارەبوونەوەی یارییەکان، ئەوەیە کە نابێت هیچ دوو یانەیەک بۆ سێ وەرزی یەکتری لە قۆناخی خولدا رووبەڕووی یەک ببنەوە. بەهۆی ئەم یاسایەوە، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و لیڤەرپوولی ئینگلیزی لەم وەرزەدا و لەم قۆناخەدا بەیەک ناگەن.
ئاستەکانی تیروپشکەکە بەم شێوەیەیە:
ئاستی یەکەم: پاریس سانجێرمان، بایرن میونشن، ریال مەدرید، لیڤەرپوول، ئینتەر میلان، مانچێستەر سیتی، ئارسیناڵ، بارسێلۆنا، ئاتلێتیکۆ مەدرید.
ئاستی دووەم: ئاستۆن ڤێلا، مانچێستەر یونایتد، بۆرووسیا دۆرتمۆند، رۆما، سپۆرتینگ، پۆرتۆ، کڵوب بروج، ئایندهۆڤن، ریال بێتیس.
ئاستی سێیەم: فاینۆرد، لیل، بۆدۆ گلیمت، ناپۆلی، لایپزیگ، ڤیاڕیال، شاختار دۆنێتسک، گەڵاتەسەرای، فێنەرباخچە.
ئاستی چوارەم: لاسک لینز، سەباح، سلاڤیا پڕاگ، شتوتگارت، کۆمۆ، لانس، ڤایکینگ، سلۆڤان براتیسلاڤا، ئایک ئەسینا.
یارییەکانی گەڕی یەکەمی پاڵەوانێتییەکە لە 8ـی مانگی 9ـی 2026 دەستپێدەکات. خشتەی تەواوی یارییەکان و کاتی بەڕێوەچوونیان، دوای تەواوبوونی تیروپشکەکە و لە رۆژی شەممە 29ـی مانگی 8 رادەگەیەنرێت.



