رووداو دیجیتاڵ
وادیارە ئاتلێتیکۆ مەدرید لە بڕیارێکی قورس نزیک دەبێتەوە سەبارەت بە داهاتووی جولیان ئەلڤارێزی ئەرجەنتینی، دوای ئەوەی پەیوەندی یاریزانەکە و هاندەرانی یانەکە گۆڕا بۆ قەیرانێکی گەورە. ئەمەش دوای ئەوە هات کە لە یارییەکەی بەرامبەر ڤیاڕیال رووبەڕووی فیکەی ناڕەزایەتی بووەوە، لەکاتێکدا یانە ئیسپانییەکە بەدوای رێگەیەکدا دەگەڕێت بۆ کۆتاییهێنان بەو ژاوەژاوەی دەوری هێرشبەرەکەی گرتووە.
بەگوێرەی ئەوەی رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی لە ماڵپەڕی زە ئاتلێتیکەوە گواستوویەتییەوە، ئاتلێتیکۆ مەدرید لەوانەیە ئامادەبێت دەستبەرداری ئەلڤارێز بێت لە بەرامبەر بڕی 150 ملیۆن یۆرۆ، و یانەکە پێی باشترە بیفرۆشێتە ئارسیناڵ. ئەمەش بەهۆی ئاڵۆزی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ بارسێلۆنا و رەتکردنەوەی گوێگرتن لە هەر پێشنیارێکی نوێی یانە کەتەلۆنییەکە لەلایەن مەدریدییەکانەوە.
ئەلڤارێز شەوێکی سەختی لە یاریگای میترۆپۆلیتانۆ بەرامبەر ڤیاڕیال بەڕێکرد، دوای ئەوەی لەلایەن هاندەرانی یانەکەیەوە فیکەی ناڕەزایەتی لێدرا، تەنانەت لە کاتی جێهێشتنی یاریگادا ملپێچێکی تێگیرا؛ دیمەنێک کە قەبارەی ئەو گرژییە نیشان دەدات کە دەوری هێرشبەرە ئەرجەنتینییەکەی گرتووە.
دیێگۆ سیمۆنی، راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید، هەست بە نائارامی دەکات بەرامبەر ئەم دۆخە، چونکە دەزانێت بەردەوامبوونی یاریزانەکە لەناو ئەم هەموو گوشارەدا ئاسان نابێت، سەرەڕای ئارەزووی بۆ گەڕاندنەوەی باشترین ئاستی ئەلڤارێز، کە یەکێکە لە توخمە هەرە گرنگەکانی تیپەکە کاتێک لەڕووی هونەرییەوە لەوپەڕی ئامادەییدایە.
ئاتلێتیکۆ مەدرید لە ماوەی داهاتوودا هەلێکی دەستدەکەوێت بۆ هەناسەدان، بەهۆی ئەوەی سێ یاری لەسەریەک لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر سێڤییا، ئاتلێتیک بیلباو و ریال سۆسیداد ئەنجام دەدات، بەڵام لەوانەیە قەیرانەکە بەئاسانی دانەمرکێتەوە، بەتایبەت دوای تووڕەیی هاندەران کە پەیوەندی بە دەنگۆکانی پێشووی گواستنەوەی یاریزانەکە بۆ بارسێلۆنا هەیە.
لەبەر ئەم هۆکارە، ئارسیناڵ وەک گونجاوترین بژاردە لەلایەن ئاتلێتیکۆوە دەبینرێت ئەگەر بڕیاری فرۆشتنی بدرێت. یانە ئیسپانییەکە پێیوایە گواستنەوەی بۆ لەندەن باشترین چارەسەرە بۆ کۆتاییهێنان بەم قەیرانە، لەکاتێکدا بڕیاری یانە ئینگلیزییەکە بەندە بە ئامادەییان بۆ پێدانی بڕە پارەیەکی زەبەلاح کە دەگاتە 150 ملیۆن یۆرۆ، سەرەڕای بایەخدانیان بە چەند هێرشبەرێکی دیکە لە بازاڕدا، لەوانەش ڤیکتۆر ئۆسێمینی نایجیری.
ئاتلێتیکۆ مەدرید ناتوانێت زۆر چاوەڕێ بکات، چونکە رۆشتنی ئەلڤارێز ناچاریان دەکات بەخێرایی جێگرەوەیەک بدۆزنەوە، بەتایبەت کە نەبوونی جێگرەوەی هێرشبەر لە یارییەکەی ڤیاڕیالدا بەڕوونی دەرکەوت بەهۆی پێکانەکەی ئەلێکساندەر سۆرلۆس.
لە بارسێلۆنا، گرێبەستی ئەلڤارێز وەک خەونێکی مەحاڵ ماوەتەوە، دوای ئەوەی ئاتلێتیکۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی 500 ملیۆن یۆرۆیە. پێشتر یانە کەتەلۆنییەکە دەستپێشخەرییەکی بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش کردبوو کە رەتکرایەوە، دواتریش دەستپێشخەرییەکی دیکەی بەبڕێکی کەمێک زیاتر پێشکەش کردبوو.
بارسێلۆنا لاوتارۆ مارتینێزی ئەرجەنتینی وەک بژاردەی جێگرەوە داناوە، بەڵام گواستنەوەی ئەویش ئاڵۆز دەردەکەوێت، بەهۆی پێداگری ئینتەرمیلان لەسەر هێشتنەوەی کاپتنەکەیان، دوای ئەوەی کریستیان چیڤۆ و جۆزێپی مارۆتا دووپاتیان کردەوە کە دەستبەرداربوونی یاریزانەکە لەگەڵ دەستپێکی وەرزدا کارێکی ئەستەمە.
بەو شێوەیە، لەوانەیە بارسێلۆنا ناچاربێت چاوەڕێی چارەسەرێکی کتوپڕ لە دیکۆی بەڕێوەبەری وەرزشی بکات، یان پشت بە بژاردە بەردەستەکانی ناو تیپەکە ببەستێت، لەکاتێکدا تەمومژ لەسەر داهاتووی ئەلڤارێز زیاتر دەبێت، کە ئێستا لەنێوان سێ رێگەدایە: مانەوە لە ئاتلێتیکۆ لەژێر گوشاردا، گواستنەوە بۆ ئارسیناڵ بە گرێبەستێکی گەورە، یان چاوەڕوانکردنی هەلێکی نوێ کە جارێکی دیکە دەرگای بارسێلۆنای بۆ بکاتەوە.




