رووداو دیجیتاڵ
جارێکی دیکە مشتومڕەکان دەربارەی ناسنامەی دایکی کریستیانۆ رۆناڵدۆ جۆنیۆر، کوڕە گەورەی ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، سەری هەڵدایەوە. ئەمەش دوای ئەوەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کرد کە جۆرجینا رۆدریگێز هەنگاوێکی یاسایی ناوە بۆ ئەوەی ببێتە دایکی فەرمیی سێ منداڵە گەورەکەی رۆناڵدۆ (کریستیانۆ جۆنیۆر و دووانەکەی، ئێڤا ماریا و ماتیۆ).
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییە نوێیەکانی ئیسپانیا و پۆرتوگال، جۆرجینا بەفەرمی بووەتە دایکی یاسایی ئەو سێ منداڵە. ئەم هەنگاوەش دوای هاوسەرگیرییە شارستانییەکەی لەگەڵ رۆناڵدۆ دێت، کە لە11ـی ئەم مانگەدا لە شاری کاسکایسی پۆرتوگال ئەنجامدرا. راپۆرتەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئەم بڕیارە لەڕووی یاساییەوە ئەو پەیوەندییە خێزانییەی چەسپاند، کە چەندین ساڵە بوونی هەیە، چونکە جۆرجینا وەک منداڵەکانی خۆی و بێ جیاوازی مامەڵەی لەگەڵ هەر پێنج منداڵەکەدا دەکرد.
بەڵام ئەم پەرەسەندنانە ئەو پرسیارەیان گەڕاندەوە ناو مێشکەکان کە لە کاتی لەدایکبوونی کریستیانۆ جۆنیۆرەوە لەساڵی 2010 بێ وەڵام ماوەتەوە: دایکی بایۆلۆژی ئەو کێیە؟
لەدایکبوون لە ئەمریکا.. نهێنییەک کە رۆناڵدۆ ئاشکرای نەکردووە
کریستیانۆ جۆنیۆر لە 17ـی حوزەیرانی 2010 لە شاری سان دیێگۆ لە ویلایەتی کالیفۆرنیای ئەمریکا لەدایکبووە، لەو کاتەدا باوکی یاریزانی یانەی ریال مەدرید بوو. ماوەیەکی کورت دوای لەدایکبوونی، رۆناڵدۆ بەفەرمی رایگەیاند کە بووەتە باوک، و جەختی کردەوە کە دایکی منداڵەکە بەڕێککەوتنی هەردوولا بڕیاریداوە ناسنامەی ئاشکرا نەکرێت، و ئەو خۆی بەرپرسیارێتی تەواوی پەروەردەکردنی کوڕەکەی دەگرێتە ئەستۆ.
لەو کاتەوە، کریستیانۆ جۆنیۆر لەژێر چاودێری باوکی و خێزانەکەیدا دەژی، و داپیرەی 'دۆلۆریس ئەڤێرۆ' رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە بەخێوکردنیدا لەو ساڵانەی کە رۆناڵدۆ سەرقاڵی یاری و گەشتە بەردەوامەکان بووە. بەڵام ناسنامەی دایکی، وەک یەکێک لە گەورەترین نهێنییە کەسییەکان مایەوە کە رۆناڵدۆ بەدرێژایی کاروانی وەرزشی پاراستوویەتی.
لە ماوەی ساڵانی رابردوودا، چەندین گێڕانەوەی جیاواز لە رۆژنامە بەریتانییەکاندا دەربارەی بارودۆخی لەدایکبوونی کریستیانۆ جۆنیۆر بڵاوکرایەوە. هەندێک رۆژنامە باسیان لەوە دەکرد کە لەوانەیە منداڵەکە ئەنجامی پەیوەندییەکی کاتی بووبێت لەگەڵ ژنێکی ئەمریکی، هەندێکی دیکەش ئاماژەیان بە ئەگەری پەنابردن بۆ 'دایکی جێگر' دەکرد لە ئەمریکا. هەروەها دەنگۆی ئەوە هەبوو کە بڕە پارەیەکی زۆر دراوە بە دایکەکە لە بەرامبەر پاراستنی نهێنی ناسنامەکەی، بەڵام هەموو ئەمانە تەنیا لە چوارچێوەی دەنگۆ و پێشبینی رۆژنامەڤانی مانەوە و رۆناڵدۆ و خێزانەکەی هیچیان پشتڕاست نەکردەوە.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ هەڵوێستی خۆی یەکلاکردەوە
رۆناڵدۆ لە هەڤپەیڤینێکدا لەساڵی 2015 بەڕاشکاوی باسی لەم بابەتە کرد و ئامادە نەبوو هیچ وردەکارییەک بدات. وەک رۆژنامەی
گاردیان بڵاویکردەوە، لەو کاتەدا گوتی "خەڵک پێشبینی دەکەن کە من لەگەڵ ئەم کچە یان ئەو کچە بووم، یان دایکی جێگر هەبووە. من بە کەسم نەگوتووە و هەرگیزیش نایڵێم".
وا دیارە بۆ رۆناڵدۆ بابەتەکە تەنیا شاردنەوەی زانیارییەک نییە، بەڵکو بڕیارێکە پەیوەندی بە پاراستنی تایبەتمەندیی کوڕەکەیەوە هەیە. کریستیانۆ جۆنیۆر لە ژێر چاودێری باوکیدا گەورە بوو پێش ئەوەی جۆرجینا لەساڵی 2016 بێتە ناو ژیانیان و دواتر ببێتە ئەندامێکی سەرەکی خێزانەکە.
دوای ئەوە، دووانەکە (ئێڤا ماریا و ماتیۆ) لە حوزەیرانی 2017 لەدایکبوون، پاشان جۆرجینا خۆی ئالانا مارتینای لە تشرینی دووەمی هەمان ساڵدا بوو، و دواتر بێلا ئیسمیرالدا لە نیسانی 2022، کە لەو کاتەدا برا دووانەکەی (ئانخێل) لە کاتی لەدایکبووندا کۆچی دوایی کرد.
دەرەنجام راپۆرتە نوێیەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە ئێستا جۆرجینا دایکی یاسایی هەر پێنج منداڵەکەیە. سەرەڕای دووبارە کردنەوەی ئەم مەلەفە، بەڵام هەڵگرتنەوەی کریستیانۆ جۆنیۆر لەلایەن جۆرجیناوە بە واتای ئاشکراکردنی ناسنامەی دایکی بایۆلۆژی نایەت. زانیارییەکان جەخت لەوە دەکەنەوە کە ناسنامەی دایکی کوڕە گەورەکەی رۆناڵدۆ هێشتا بەنهێنی ماوەتەوە. تەنانەت لە تۆمارە فەرمییەکانی لەدایکبووندا، تەنیا ناوی رۆناڵدۆ وەک باوک هەبووە بێ ئەوەی ناوی هیچ دایکێک بنووسرێت.
بەمشێوەیە، دوای تێپەڕبوونی زیاتر لە 16 ساڵ بەسەر لەدایکبوونی کریستیانۆ جۆنیۆردا، هێشتا ناسنامەی دایکی یەکێکە لەو نهێنییانەی کە رۆناڵدۆ سوورە لەسەر پاراستنی، تەنانەت دوای ئەوەی پەیوەندییە خێزانییەکەیان چووە قۆناخێکی نوێ و جۆرجینا بەفەرمی بوو بە دایکیان.




