رووداو دیجیتاڵ
جۆرجینا رۆدریگێز، هەنگاوێکی یاسایی نوێی گرتووەتە بەر دوای هاوسەرگیریکردنی لەگەڵ ئەستێرەی پۆرتوگالی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، کە پەیوەندی بە سێ منداڵە گەورەکەیەوە هەیە، کریستیانۆ جۆنیۆر و دووانەکەی، ئێڤا ماریا و ماتیۆ.
بەگوێرەی راپۆرتێکی گۆڤاری هۆلای ئیسپانی، جۆرجینا دەستی کردووە بە رێکارە یاساییەکان بۆ هەڵگرتنەوەی ئەو سێ منداڵە، لە هەنگاوێکدا کە دەبێتە هۆی پێدانی دانپێدانانی یاسایی فەرمی بە پەیوەندییە خێزانییەکەی لەگەڵیاندا، دوای چەندین ساڵ لە بەشداریکردنی لە ژیان و پەروەردەکردنیاندا.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ ئاهەنگی هاوسەرگیری لەگەڵ جۆرجینا رۆدریگێز گێڕا لە رێوڕەسمێکی خێزانیی تایبەت و بێدەنگدا، دوای نزیکەی 10 ساڵ لە دەستپێکردنی چیرۆکی خۆشەویستییان کە لە دیدارێکی رێکەوتی ناو فرۆشگایەکی 'گۆچی' لە مەدریدی پایتەختی ئیسپانیاوە دەستیپێکرد.
ئاهەنگی هاوسەرگیرییەکە لە 11ـی ئابی 2026 لە ناو ماڵەکەی خۆیان لە پۆرتوگال، لە کەشێکی خێزانیی تایبەت و بە ئامادەبوونی منداڵەکانیان بەڕێوەچوو.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، جۆرجینا بووەتە دایکی یاسایی کریستیانۆ جۆنیۆر، ئێڤا ماریا و ماتیۆ دوای تەواوکردنی رێکارەکانی هەڵگرتنەوە، ئەمەش ماف و بەرپرسیارێتی خێزانیی فەرمی پێدەبەخشێت بەرامبەر ئەو سێ منداڵە.
ئەم هەنگاوە لەسەر ئاستی خێزانی چاوەڕوانکراو بوو، چونکە جۆرجینا لە سەرەتای پەیوەندییەکەی لەگەڵ کریستیانۆ رۆناڵدۆوە رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە لە ژیانی ئەو سێ منداڵەدا و بەدرێژایی ساڵان بەشداری لە چاودێریکردن و پەروەردەکردنیاندا کردووە.
جۆرجینا دواتر بوو بە دایکی بایۆلۆژی دوو کچی دیکەی رۆناڵدۆ بە ناوەکانی ئالانا مارتینا و بێلا ئیسمیرالدا، بەمەش ئەم خێزانە پۆرتوگالییە لە ماوەی ساڵانی رابردوودا وەک یەک خێزان پێکەوە ژیاون.
گۆڤاری هۆلا ئاماژەی بەوە کردووە کە رێکارەکانی هەڵگرتنەوەکە دوور لە چاوی میدیاکان ئەنجامدراون، لەکاتێکدا رۆژنامەگەریی پۆرتوگالی بە 'پرۆسەی هەڵگرتنەوەی نهێنی' وەسفی کردووە.
بەم هەنگاوە، ئەو پەیوەندییەی کە جۆرجینای بە سێ منداڵەکەی رۆناڵدۆوە دەبەستەوە، دانپێدانانێکی یاسایی فەرمی بەدەستهێنا، دوای ئەوەی بۆ چەندین ساڵ تەنیا لەسەر بنەمای پەیوەندی خێزانی و بەشداریکردن لە چاودێریکردنیاندا بوو.




