رووداو دیجیتاڵ
یانەی زاخۆ دووەم یاریی لە وەرزی نوێی خولی ئەستێرەکانی عێراقدا ئەنجامدەدات و دەیەوێت دووەم بردنەوەی لەسەریەک تۆماربکات، یانەکە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر یانەی مینا یاریی دەکات.
بۆ یارییەکەی ئەمشەو کە کاژێر 21:00 لە بەسرە بەڕێوەدەچێت، هەریەکە لە ئاکام هاشم، شێرکۆ کەریم و عەلی جاسم، بەهۆی نا ئامادەییان لەڕووی جەستەییەوە بەشداری لە یارییەکەدا ناکەن.
لاورێن بانید، راهێنەری یانەی زاخۆ پێش ئەنجامدانی یارییەکە گوتی "یارییەکی زۆر گرنگمان لەپێشە بەرامبەر یانەی مینا، ئەوان تیپێکی بەهێز و بەڕێزن، تیپەکەمان بۆ ئەم یارییە ئامادەیە و ئامانجمان بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە."
راهێنەری زاخۆ زیاتر گوتی "بردنەوەی یاریی یەکەم بۆ ئێمە زۆر گرنگ بوو و پاڵنەری تیپەکەمان زیاتر دەکات."
شڤان جەمیل، یاریزانی یانەی زاخۆیە، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە گوتی "ئامادەین بۆ ئەم یارییە گرنگە و پێویستە بەرزترین ئاستی خۆمان پێشکێشبکەین، یارییەکە لە دەرەوەی یاریگەی خۆمانە و زەحمەتە، بەڵام هاتووین بۆ ئەوەی ئەنجامێکی باش بەدەستبهێنین."
بەرگریکارەکەی زاخۆ گوتی "متمانەی زۆرمان بە تیپەکەمان هەیە و بە دوای پێشکێشکردنی ئاستێکی بەرزدا دەگەڕێین."




