رووداو دیجیتاڵ
خوزێ مۆرینیۆ، راهێنەری یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی، ستایشی ئاستی لامین یامال، ئەستێرە لاوەکەی یانەی بارسێلۆنای کرد، بەڵام دووپاتیکردەوە کە ئامادە نییە هیچ کام لە یاریزانانی ئێستای پێکهاتەکەی بەو یاریزانە بگۆڕێتەوە.
مۆرینیۆ لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی ئایا ئارەزوو دەکات لامین یامال لە ریزەکانی ریال مەدریددا ببینێت، بە کورتی و بەبێ دوودڵی گوتی "نەخێر".
راهێنەرە پۆرتوگالییەکە زیاتر روونکردنەوەی دا و گوتی "ئەو یاریزانێکی سەرسوڕهێنەرە، ئەوەی لەم تەمەنەدا پێشکەشی کردووە و بەدەستی هێناوە شتێکی نائاساییە، بەڵام ئێمە لە ریال مەدرید خاوەنی پێکهاتەیەکی جیهانی و لە ئاستێکی بەرزین، هەر بۆیە ئامادەنیم هیچ یاریزانێکی خۆم بە ئەو بگۆڕمەوە".
ئەم لێدوانەی مۆرینیۆ لەکاتێکدایە کە لامین یامال وەک یەکێک لە گەورەترین بەهرەمەندەکانی جیهان سەیر دەکرێت، بەڵام سپێشەڵ وەن بەم قسانەی دڵسۆزیی خۆی بۆ ئەستێرەکانی مەدرید وەک ئێمباپێ، ڤینیسیۆس و رۆدریگۆ نیشاندا و جەختی لەوە کردەوە کە پێکهاتەکەی لە هەموو لایەکەوە تەواوە و پێویستی بە یاریزانی یانەی رکابەرە مێژووییەکەیان نییە.
پێشبینی دەکرێت ئەمساڵ لە لالیگادا رکابەرییەکی تووند و بەهێز لەنێوان بارسێلۆنا و ریال مەدریددا هەبێت، بەو پێیەی هەردوو یانەکە لە مێرکاتۆی ئەم هاوینەدا چەندین گرێبەستی گەورەیان کردووە.


