رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر کە شەممەی رابردوو یەکەمین یاریی لە خولی نایاب (سوپەرلیگ)ی تورکیا کرد و لە یانەی ئەرزەڕۆمی بردەوە، چەند تۆمەتێک درایە پاڵ هاندەرانی هەردوولا و سکاڵا لە دژیان تۆمارکرا.
نووسینگەی راوێژی یاسایی یەکێتیی تۆپی پێی تورکیا، بڕیاری دا یانەی ئامەدسپۆر رەوانەی لیژنەی پابەندکاری بکات و هۆکارەکەیشی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە گوایە هاندەرانی ئەو یانەیەی باکووری کوردستان، دروشمی ناشیرین و نەشیاویان گوتووەتەوە، گرژی و ئاڵۆزییان لە یاریگە دروستکردووە، نێوانەڕێگەی پلیکانەکانیان چۆڵنەکردووە و سەرپێچیی رێنمایییەکانیان کردووە.
یانەی ئامەدسپۆر، رۆژی 16ی ئابی 2026 میوانداریی یانەی ئەرزەڕۆم سپۆری کرد و یارییەکەی بە سێ گۆڵی بێ بەرامبەر لێ بردەوە. لەو یارییەدا چەند جارێک گرژی لەنێوان هاندەران دروستبوو.
هاوکات یانەی ئەرزڕۆم سپۆریش بەهۆی دروشمی ناشیرین و نەشیاوەوە رەوانەی هەمان لیژنە کرا.
کارگێڕیی یانەی ئامەدسپۆر بەر لە دەستپێکردنی یەکەم یاریی خۆی لە سوپەر لیگ، داوای لە هاندەرانی کرد ببنە نموونەی هاندانی جوان؛ هەروەها داوای کرد خۆیان لە دروشمی ناشرین، فڕێدانی کەرەستەی نامۆ و یاریی ئاگرین بۆ نێ یاریگە بپارێزن.
جگە لە ئامەدسپۆر، 13 یانەی دیکە لە خولە جیاوازەکاندا لەلایەن یەکێتیی تۆپی پێی تورکیاوە رەوانەی هەمان لیژنە کران.




