رووداو دیجیتاڵ چەکدار ئۆرهان کە لە دوو پاڵەوانیەتیی رابردوودا جامی خولی پلەدوو و پلەیەکی تورکیای لەگەڵ ئامەدسپۆر بەرزکردەوە، یانەکە جێدەهیڵێت و ئامەدسپۆر نامەی ماڵئاوایی بە کوردی و تورکی بۆ چەکدار بڵاوکردەوە و سوپاسی دەکات. چەکدار ئۆرهان کە لەدایکبووی جۆلەمێرگی باکووری کوردستانە و یەکێک لەو یاریزانە خۆماڵییانەی ئامەدسپۆر بوو کە پێگەیەکی تایبەتی لە دڵی جەماوەری ئامەدسپۆر هەبوو. ئۆرهان لە وەرزی 2022-2023 بە خواستن یاریی بۆ ئامەدسپۆر کرد، دواتر بە یەکجاری پەیوەندیی بە تیپە کەسک و سۆرەکە کرد. ئۆرهان لەو پێکهاتە پاڵەوانانەی ئامەدسپۆردا بوو کە لە وەرزی 2023-2024 لە خولی پلە دووەوە سەرکەوت بۆ خولی یانەپلە یەکەکانی تورکیا، هەروەها لە وەرزی 2025-2026یشدا سەرکەوت بۆ خولی نایاب (سوپەرلیگ). بەم شێوەیە بووە یەکێک لەو یاریزانانەی لە هەردوو سەرکەوتنەکەدا لە پێکهاتەی تیپەکەدا ئامادە بوون. ئەو یاریزانە تەمەن 28 ساڵە، وەرزی رابردوو لە 21 یاریی فەرمیدا بە درێسی ئامەدسپۆرەوە بەشداریی کرد. لە سەرەتای وەرزدا بابەتی رۆیشتنی چەکدار ئۆرهان لە یانەکە بووە رۆژەڤ، ئەو یاریزانە کوردە لە چوارچێوەی ئامادەکارییەکانی وەرزی نوێدا بۆ کەمپی ئەرزڕۆم بانگهێشت نەکرا. ئۆرهان رۆژی 13ی تەممووز روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە و ناڕەزایی بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی پڕۆسەی دەستلێبەردانی دەربڕی. چەکدار ئۆرهان رەخنەی لە کارگێڕیی یانەکە گرت و بانگەشەی ئەوەی کرد کە گۆشەگیر کراوە و رووبەڕووی پرۆسەی مۆبینگ (وەڕسکردن و گوشاری دەروونی لە شوێنی کار) کراوەتەوە. لە بەرامبەردا رۆژی 13ی ئاب ناهید ئەرەن، سەرۆکی ئامەدسپۆ رایگەیاند، چەکدار ئۆرهان لە پلانەکانی وەرزی نوێی یانەکەدا نییە و گفتوگۆ لەگەڵ یاریزانەکە بۆ دەستلێکبەردان بەردەوامە. دوای چەند دیدار و گفتوگۆیەک، ئەمڕۆ شەممە 15-8-2026 رۆیشتنی چەکدار ئۆرهان لە ئامەدسپۆر بە فەرمی یەکلایی کرایەوە. پەیامی ئامەدسپۆر: رێگەت رۆشن بێت چەکدار ئامەدسپۆر لەبارەی ماڵئاوایی یاریزانە جۆلەمێرگییەکە رایگەیاندووە: "چەکدار ئۆرهان کە بۆ ماوەیەکی درێژ درێسی ئامەدسپۆری پۆشی، لە قۆناخە گرنگەکانی یانەکەماندا رۆڵی گێڕاوە؛ بە ههوڵ و تێکۆشانی لە یاریگەدا و دڵسۆزیی بۆ یانەکەمان هاوکار بووە. سوپاسی چەکدار دەکەین بۆ ئەو ماندووبوون و کۆششەی پێشکێشی ئامەدسپۆری کردووە، لە کاروانی داهاتووی وەرزشیدا هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازین". چەکدار ئۆرهان کێیە؟ ساڵی 1998 لە جۆلەمێرگی باکووری کوردستان لەدایکبووە. یاریزانی هیڵی نێوەڕاستە و لە تەمەنی پێگەیشتنیدا لە قوتابخانەی یانەکانی میونشن گلادباخی ئەڵمانی و گاڵاتاسارای تورکی یارییی کردووە. دواتر لە چەند یانەیەکی تورکیا یاریی کردووە و لە وەرزی 2022-2023 بە خواستن چووە یانەی ئامەدسپۆر.