رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەوەی یانەی ریال مەدرید بۆ گواستنەوەی رۆدری لەگەڵ یانەی مانچێستەر سیتی نەگەیشتە رێککەوتن، یانەکە بەدوای یاریزانێکی دیکەی هێڵی ناوەڕاستدا دەگەڕێت و میدیای ئیسپانیاش باسی یاریزانێکی ئیتاڵی دەکات.
لە ماوەی رابردوودا، ریال مەدرید هەوڵی زۆریدا بۆ ئەوەی رۆدری لە مانچێستەر سیتییەوە بباتە ریزەکانی، بەڵام هەردوو یانە لەسەر نرخی یاریزانەکە نەگەیشتنە رێککەوتن، لەکاتێکدا یانە ئینگلیزییەکە داوای 80 ملیۆن یۆرۆی دەکرد و ریال مەدرید ئامادەنەبوو ئەو پارەیە بەو یاریزانە بدات.
دوای ئەوەی ریال مەدرید لە بیرۆکەی گواستنەوەی یاریزانەکە جۆرێک لە ساردبوونەوەی پێشاندا، ئێستا یانەکە بەدوای یاریزانێکی دیکەدا دەگەڕێت بۆ بەهێزکردنی هێڵی ناوەڕاستی یانەکەی.
بەپێی هەواڵی میدیای ئیسپانیا، مانوێل لۆکاتێلی، یاریزانی ئیتاڵی و یانەی یوڤێنتوس، یەکێک لەو یاریزانانەیە کە ناوی لەسەر مێزی یانەی ریال مەدریدە، بۆ ئەوەی لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا گرێبەستی لەگەڵ بگرێت.
کاپتنەکەی یوڤێنتوس، بەهۆی پابەندییەکەی و لێهاتووییەکەی لە ناوەڕاستی یاریگادا، سەرنجی جۆزێ مۆرینیۆی راکێشاوە و رەنگە ریال مەدرید هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی یاریزانەکە دەستپێبکات.
ریال مەدرید پێیوایە یاریزانە 28 ساڵەکە لەو یاریزانانەیە کە دەتوانێت هاوسەنگیی ناوەڕاستی یاریگا بپارێزێت، کە هەمان تایبەتمەندیی لوکا مۆدریچ و تۆنی کرووسە، بۆیە رەنگە ئامانجی داهاتووی یاریزانە گواستنەوەی لۆکاتێلی بێت.
لۆکاتێلی لە ساڵی 2021ـەوە لە یانەی یوڤێنتوس یاریی دەکات، یەکێکە لە یاریزانە دیارەکانی سێری ئا و چاوەڕواندەکرێت گواستنەوەی ئەو یاریزانە پارەیەکی زۆری پێویست نەبێت، ئەگەر ریال مەدرید بیەوێت گرێبەستی لەگەڵ بکات.



