رووداو دیجیتاڵ
ئاتلێتیکۆ مەدریدی ئیسپانی هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی کریستیان رۆمێرۆی بەرگریکار و کاپتنی یانەی تۆتێنهام دەستیپێکردووە و دیێگۆ سیمۆنی دەیەوێت هێڵی بەرگری تیپەکەی بەو یاریزانە ئەرجەنتینییە بەهێز بکات.
ئاتلێتیکۆ مەدرید گفتوگۆیەکی فەرمی لەگەڵ بەرپرسانی تۆتێنهام دەستپێکردووە تاوەکو رۆمێرۆی تەمەن 28 ساڵ لە گواستنەوەی هاوینەدا بباتە لالیگا. بەرپرسانی یانە ئینگلیزییەکە لە ئارەزووی یانە مەدریدییەکە ئاگادارکراونەتەوە و پێشبینی دەکرێت گەیشتن بە رێککەوتنی کەسی لەگەڵ یاریزانەکە هیچ کێشەیەکی بۆ دروست نەبێت.
کریستیان رۆمێرۆ مانگی 8ـی 2024 گرێبەستەکەی بۆ ماوەی 4 ساڵ لەگەڵ تۆتنهام درێژکردەوە، بەڵام پێشبینی دەکرێت لە گواستنەوەی داهاتوودا سەرکێشییەکی نوێ تاقیبکاتەوە. دیێگۆ سیمۆنی راهێنەری ئاتلێتیکۆ مەدرید جەخت لەسەر گواستنەوەی هاونیشتمانییەکەی دەکاتەوە بۆ ئەوەی پێکهاتەی بەرگری تیپەکەی رێکبخاتەوە.
رۆمێرۆ یەکێکە لە یاریزانە سەرەکییەکانی پێکهاتەی تۆتنهام و لەوەتەی پەیوەندی بە یانە لەندەنییەکەوە کردووە، ئاستێکی بەرزی پێشکێش کردووە و بووەتە یەکێک لە باشترین بەرگریکارەکانی پرێمەرلیگ.




