رووداو دیجیتاڵ
ریال مەدرید بە دەستەوارەیەکی نوێوە گوشارەکانی بۆ سەر ڤینیسیۆس جۆنیۆر زیاد دەکات و چاوەڕێی وەڵامێکی خێرایە لە ئەستێرە بەرازیلییەکەی.
تەمومژ لەسەر چارەنووسی ڤینیسیۆس جۆنیۆری ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی ریال مەدرید بەردەوامە، کە ماوەی گرێبەستەکەی لە کۆتایی وەرزی داهاتوودا تەواو دەبێت؛ ئەمەش لەکاتێکدایە یانەی ئارسیناڵ گرنگییەکی زۆر بە گواستنەوەی ئەو یاریزانە دەدات لەم بازاڕەی ئێستا.
دوێنێ چوارشەممە کۆبوونەوەیەک لەنێوان نوێنەرانی ڤینیسیۆس و بەرپرسانی ریال مەدرید، خۆسێ ئانخێل سانچێز و جۆنی کالافات بەڕێوەچوو، بەئامانجی شکاندنی ئەو بەستەڵەکەی لە پرۆسەی درێژکردنەوەی گرێبەستی یاریزانە بەرازیلییەکەدا دروست بووە، بەڵام لە کۆتاییدا نەگەیشتنە رێککەوتن.
لای خۆیەوە رۆژنامەی مۆندۆ دیپۆرتیڤۆ لە زاری رادیۆی کادینا سێر بڵاویکردەوە، ریال مەدرید بڕیاریداوە پێشنیازە سەرەتاییەکەی بەرز بکاتەوە بۆ 24 ملیۆن یۆرۆی ساف بۆ هەر وەرزێک، بە گرێبەستێک کە تاوەکو ساڵی 2031 درێژ دەبێتەوە.
ئەم بڕە پارەیە هێشتا دوورە لەو 30 ملیۆن یۆرۆیەی کە یاریزانە تەمەن 25 ساڵانەکە لە سەرەتادا داوای کردبوو، هەرچەندە هەندێک سەرچاوەی میدیایی وەک رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاماژە بەوە دەکەن کە ڤینی ئامادەیە داواکارییە داراییە جێگیرەکەی کەم بکاتەوە، بەمەرجێک چەند پاداشتێک بخرێتە ناو گرێبەستە نوێیەکەوە، کە پێدەچێت ریال مەدریدیش ئامادە بێت ئەم مەرجە قبوڵ بکات.
یەکێکی دیکە لە خاڵە جێگەی ناکۆکییەکان، پاداشتی نوێکردنەوەی گرێبەستەکە و مافی وێنەیە، کە ئێستا بەڕێژەی 50% بە 50% لەنێوان یانەکە و یاریزانەکەدا دابەش کراوە، بەڵام ئەستێرە بەرازیلییەکە دەیەوێت رێژەکە بۆ بەرژەوەندی خۆی زیاد بکات.
ئێستا گەشبینییەکی زیاتر لای هەردوولا بەدی دەکرێت بەراورد بە چەند رۆژی رابردوو، بەڵام بەپێی رادیۆ ئیسپانییەکە، ریال مەدرید وەڵامێکی دەستبەجێی دەوێت و ئێستا بڕیارەکە لە دەستی ڤینیسیۆسدایە، لەکاتێکدا یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزی لە لایەکی دیکەوە چاوەڕێی ئەنجامی گفتوگۆکان دەکات.




