رووداو دیجیتاڵ
تیپی تۆپی پێی خانمانی یانەی هیلالی رۆژئاڤای کوردستان، لەبەردەم هەلێکی مێژووییدایە بۆ بردنەوەی دەستکەوتێکی گەورە، کاتێک یاریی کۆتایی جامی رۆژئاڤای ئاسیا ئەنجامدەدات.
یانەی هیلال، لە یاریی کۆتایی جامی رۆژئاڤای ئاسیایە کە یارییەکانی لە ئوردن بەڕێوەدەچن و ئەمڕۆ بەرامبەر تیپی خانمانی یانەی نەسڕی سعودی یاریی دەکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە.
یارییەکە سەرەتا بڕیاربوو کاژێر 17:00 بەڕێوەبچێت، بەڵام بەهۆی بەرزیی پلەی گەرماوە کاژێرێک دواخرا و کاژێر 18:00 بەڕێوەدەچێت.
تیپی خانمانی یانەی هیلال، 8 یاریزانی کوردی تێدایە، یەکەمجارە بەشداری لە پاڵەوانێتی رۆژئاڤای ئاسیادا دەکات، تیپێکی بەهێزی هەیە و پێشتر نازناوی پاڵەوانێتی خانمانی سوریای بردووەتەوە و ئەمڕۆش چاوی لە دەستکەوتێکی دیکەیە.
مەعن حوار، بەرپرسی راگەیاندنی یانەی هیلال بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، تیپەکە لە دۆخێکی زۆرباشدایە، سەرجەم یاریزانەکان ئامادەن، ئەوان دەزانن یانەی نەسڕ خاوەنی تیپێکی بەهێزی خانمانە، بەڵام هەموو توانایەکیان دەخەنەگەڕ بۆ ئەوەی رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوەکە بکەن و بەدەستکەوتێکی گەورەوە بگەڕێنەوە قامشلۆ.
ئەوەی لە تیپی خانمانی یانەی هیلالدا سەرنجڕاکێشە، یاریزانانی تیپەکە بە ملپێچی کوردییەوە دەچنە نێو یاریگا و دوای هەر سەرکەوتنێکیشیان ئاڵای کوردستان بەرزدەکەنەوە.
دوای بردنەوەشیان لە یانەی ئێف سیی ئیماراتی، یاریزانانی یانەی هیلالی رۆژئاڤای کوردستان لەسەر شەقامەکانی بەردەم هۆتێلەکەیان لە ئوردن بە شایی و گۆرانیی کوردییەوە ئاهەنگی سەرکەوتنیان گێڕا.



