رووداو دیجیتاڵ
رۆژنامەی ASـی ئیسپانی هۆکاری وەستانی هەنگاوەکانی ریال مەدرید بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ یان دیۆماندێ، یاریزانی کوتدیڤواری ئاشکرا دەکات و دەڵێت "بەهۆی کێشەیەکی یاسایی بەربەست لەبەردەم تەواوبوونی گرێبەستی یاریزانەکە بۆ ریال مەدرید دروست بووە".
تاوەکو ئێستا گواستنەوەی یان دیۆماندێ بۆ ریال مەدرید رانەگەیێندراوە، ئەمەش بەهۆی ئەوەی ماکس گرادیل، بەڕێوەبەری پێشووی یاریزانەکە، تۆمەتباری دەکات بە پێشێلکردنی مەرجەکانی ئەو گرێبەستەی لەنێوانیاندا هەبووە.
یانەی ریال مەدرید لەگەڵ کۆمپانیای Roc Nation دانوستاندنی بۆ ئەنجامدانی ئەم گرێبەستە کردووە و ئاگاداری بوونی هیچ کێشەیەک نەبووە سەبارەت بە بەڕێوەبەری کۆنی کارەکانی یاریزانەکە.
ئەم دۆسێیە بە ئاڵۆز دادەنرێت، و ماکس گرادیل سکاڵایەکی فەرمی پێشکەش بە فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ FIFA کردووە.
ئێستا فیفا چەند بژاردەیەکی لەبەردەمدایە:
1 - پێدانی مۆڵەتێکی کاتی بە دیۆماندێ بۆ تەواوکردنی گواستنەوەکە.
2 - دواخستنی گرێبەستەکە.
3 - یان راگرتنی گواستنەوەکە بەشێوەیەکی تەواوەتی.
هەموو رێککەوتنەکانی نێوان ریال مەدرید و یانەی لایپزیگ کۆتاییان هاتبوو، بەڵام ئێستا هەمووان چاوەڕێی چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە دەکەن پێش ئەوەی راگەیاندنی فەرمی بکرێت.




