رووداو دیجیتاڵ
جیانی ئینفانتینۆ، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا)، دوای ساڵانێکی زۆر لە کۆنترۆڵکردنی پۆستەکەی، رووبەڕووی شەپۆلێکی ناڕەزایەتی بووەتەوە و پێگە بەهێزەکەی پێشووی لەدەستداوە، بەمەش هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی فیفا کە بڕیارە لە ساڵی 2027 بەڕێوەبچێت، ئاڵنگاری نوێ و جیاواز بەخۆوە دەبینێت.
لە کۆنگرەی فیفا لە ڤانکۆڤەر، جیانی ئینفانتینۆ سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) رایگەیاند کە بۆ خولێکی دیکەی سەرۆکایەتی خۆی بەربژێر دەکاتەوە، کە بڕیارە تاوەکو ساڵی 2031 بەردەوام بێت. بەڵام شکستی هەندێک دەستەوارەی بازرگانی و پاشەکشەی متمانەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) و چەندین هاوپەیمانی دیکەی، پێگەی ئینفانتینۆیان لەناو فیفا لەق کردووە.
بۆ ئەوەی کەسێک بتوانێت ببێتە بەربژێر بۆ سەرۆکایەتی فیفا، دەبێت لە 5 ساڵی رابردوودا بەلایەنی کەمەوە دوو ساڵ چالاکانە لەناو جیهانی تۆپی پێدا کاری کردبێت، هەروەها پێویستە پشتگیری بەلایەنی کەمەوە 5 فیدراسیۆنی نیشتمانی ئەندام لە فیفا بەدەستبهێنێت. دوایین کات بۆ پێشکێشکردنی ناوی بەربژێرەکان 18ـی مانگی 11ـی ئەمساڵە.
سیستمی دەنگدان لە فیفا پشت بە زۆرینەی سادە دەبەستێت، واتە هەر بەربژێرێک 106 دەنگ لە کۆی 211 دەنگی ئەندامان بەدەستبهێنێت، دەبێتە سەرۆک. لەم نێوەندەدا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یوفا) کە خاوەنی 55 دەنگە، بە ئاشکرا دژایەتی خۆی بۆ ئینفانتینۆ راگەیاندووە، هەروەها هەریەک لە کۆنفیدراسیۆنی ئاسیا و ئەمریکای باکووریش رەخنەی تووندیان لە سیاسەتەکانی گرتووە.
ڤیکتۆر مۆنتاگلیانی، سەرۆکی کۆنفیدراسیۆنی کۆنکاکاف، یەکێکە لەو ناوانەی بە رژدی بیر لەوە دەکاتەوە ئاڵنگاری ئینفانتینۆ بکات و خۆی بۆ پۆستی سەرۆکایەتی فیفا بپاڵێوێت.
بڕیارە هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆکایەتی فیفا لە 18ـی مانگی 3ـی 2027 لە وڵاتی مەغریب بەڕێوەبچێت. ئەمە هاوکاتە لەگەڵ ئامادەکارییەکانی فیفا بۆ مۆندیالی 2030 کە بڕیارە لە 6 وڵاتی جیاواز و لە 3 کیشوەردا ئەنجام بدرێت.




