رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لەسەر هەوڵەکانی بۆ گواستنەوەی رۆدری بەردەوامە، یانەی مانچێستەر سیتی داوای پارەیەکی زۆر دەکات و بارسێلۆناش دێتە نێو رکابەرییەکە.
ریال مەدرید ماوەیەکی درێژە چاودێری ئەو یاریزانە دەکات و دەیەوێت رۆدری لە وەرزی نوێدا لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ یاریی بکات، بۆ ئەوەش دەستەوارەیەکی بە 50 ملیۆن یۆرۆ پێشکێشی یانە ئینگلیزییەکە کردووە، بەڵام مانچێستەر سیتی بەو دەستەوارەیە رازی نییە و دەیەوێت بەرامبەر 75 بۆ 80 ملیۆن یۆرۆ یاریزانەکە بفرۆشێت.
جگە لە ریال مەدرید، بارسێلۆناش هاتووەتە نێو رکابەریی گواستنەوەی رۆدری، بۆیە مانچێستەر سیتی نایەوێت بە پارەیەکی کەم دەستبەرداری ئەو یاریزانە ببێت و یانەکە پەلە ناکات لە تەواوکردنی کارەکانی گواستنەوەی بۆ ریال مەدرید.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، رۆدری جگە لە ریال مەدرید بیر لە هیچ یانەیەکی دیکە ناکاتەوە و دەیەوێت بچێتە ئەو یانەیە، بەتایبەت کە پێشتر ویستی خۆی بۆ یارییکردن لە ریزەکانی یانەی شاهانە راگەیاندووە.
ریال مەدرید بژاردەی یەکەمی یاریزانە ئیسپانییەکەیە، بارسێلۆنا هێشتا هیچ دەستەوارەیەکی فەرمیی پێشکێش نەکردووە و تەنیا ویستی رکابەریکردنی هەیە بۆ بەدەستهێنانی ئەو یاریزانە.
لە ئەگەری گواستنەوەی رۆدری بۆ یانەکەی لەلایەن ریال مەدریدەوە، ئەو یاریزانە دەبێتە دووەم یاریزان لە مانچێستەر سیتییەوە لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا پەیوەندی بە یانەکەوە بکات، دوای ئەوەی بێرناردۆ سیلڤاش چووە ریزەکانی یانەی شاهانە.




