رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لەسەر ئامادەکارییەکانی بۆ وەرزی نوێ بەردەوامە و جۆزێ مۆرینیۆ، هێشتا بڕیاری یەکلاکەرەوەی لەبارەی یاریزانێکەوە نەداوە و راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکانیش دەڵێن، رەنگە سوپرایزێک رووبدات.
ریال مەدرید هیچ کێشەیەکی لە هێڵی پێشەوەدا نییە، بەتایبەت کە خاوەنی کیلیان ئێمباپێ و ڤینیسیۆس جونیۆرە، یاریزانێکی دیکەش لەژێر چاودێریی راهێنەرە، ئەو یاریزانە ئێندریکە.
بەهۆی ئەوەی چاوەڕوانناکرێت لە وەرزی نوێشدا خولەکی زۆری بۆ یارییکردن هەبێت و راهێنەریش بەردەوام چاودێریی دەکات، ئەگەری هەیە مۆرینیۆ بڕیاری بەڕێکردنی ئێندریک بدات.
رۆژنامەی لاگازێتا دێللۆ سپۆرتی ئیتاڵی دەڵێت "خولەکی یارییکردن بۆ ئێندریک پێشینەی کارەکانیەتی و هەوڵدەدات ریال مەدرید رازی بکات بەشێوەی خواستن لە یانەکە بڕوات، بەڵام مۆرینیۆ هێشتا بڕیاری لەبارەی ئەو یاریزانەوە نەداوە کە ئایا بۆ وەرزی نوێ بمێنێتەوە یان نا، لەکاتێکدا یانەی رۆما چاوەڕێی ئەو هەلە دەکات بۆ ئەوەی سوود لە تواناکانی یاریزانە بەرازیلییەکە وەربگرێت."
رۆما ماوەی چەند هەفتەیەکە چاودێریی دۆخی ئەو یاریزانە دەکات و دەیەوێت بە گواستنەوەی یاریزانە 20 ساڵەکە هێڵی پێشەوەی تیپەکەی بەهێزتر بکات.
ئێندریک وەرزی رابردوو بەشێوەی خواستن لە یانەی لیۆنی فەرەنسی بوو، دوای ئەوەی ئاستێکی بەرزی پێشکێشکرد ریال مەدرید بڕیاری گەڕاندنەوەی یاریزانەکەی دا، بەڵام پێناچێت لە وەرزی نوێدا هەلی یارییکردنی بەشێوەی سەرەکی هەبێت، بۆیە رەنگە جارێکی دیکە ریال مەدرید بیر لەوە بکاتەوە یاریزانەکە بداتە یانەیەکی دیکە، بۆ ئەوەش چاوەڕێی وەڵامی کۆتایی لە جۆزێ مۆرینیۆ دەکات.




