رووداو دیجیتال
یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی دوایین ئاگادارکردنەوەی ئاراستەی ڤینیسیۆس جونیۆری ئەستێرەی بەرازیلی کردووە، ئەوەش بەهۆی ئەو کێشە و درێژدادڕییەی کە لە پرۆسەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیدا دروستبووە.
دوای چەندین مانگ لە دانوستاندنی بێ ئەنجام و چەقبەستنی گفتوگۆکان، کارگێڕیی یانەی شاهانە بڕیاریدا کۆتایی بە یاریی 'راکێش راکێش'ـی نوێنەرانی ڤینیسیۆس بهێنێت و هەڵوێستێکی یەکلایکەرەوە وەربگرێت.
یان واژۆ بکە یان بڕۆ!
لەنێو ڤاڵدێبیباس 'ناوەندی مەشقی ریال مەدرید'، پێیانوایە کاتی ئەوە هاتووە کۆتایی بەم ناڕوونییە بهێنرێت. ئەوەی زیاتر مەدریدییەکانی نیگەران کردووە، هەوڵە جددییەکانی یانەی ئارسیناڵی ئینگلیزییە بۆ گواستنەوەی ئەو ئەستێرە بەرازیلییە، ئەمەش وایکردووە ریال مەدرید پەلە بکات لە یەکلاییکردنەوەی دۆسێیەکە.
بەگوێرەی رۆژنامەی مارکا، ریال مەدرید بەفەرمی نوێنەرانی ڤینیسیۆسی ئاگادار کردووەتەوە کە "ئەو دەستەوارەی ئێستا لەسەر مێزەکەیە، دوایین دەستەوارەیە. یان دەبێت ڤینیسیۆس بەو مەرجانە گرێبەستەکەی نوێ بکاتەوە، یان یانەکە لەم هاوینەدا دەیخاتە لیستی فرۆشتنەوە".
بنمیچی مووچە هێڵی سوورە
یانە شاهانەکە دەیەوێت رێگری بکات لەوەی ڤینیسیۆس بچێتە دوایین ساڵی گرێبەستەکەی و دواتر بەخۆڕایی یانەکە جێبهێڵێت. هەرچەندە ریال مەدرید ڤینیسیۆس بە یاریزانێکی سەرەکی و گرنگ دەزانێت، بەڵام 'هێڵێکی سوور'ـیان هەیە کە ناتوانن بیبەزێنن، ئەویش "بنمیچی مووچەی یاریزانانە". یانەکە ئامادە نییە بۆ هیچ یاریزانێک، هەرچەندە گەورە بێت، هاوسەنگی دارایی و سیستەمی مووچەی یانەکە تێک بدات.
دیۆماندێ و مۆرینیۆ؛ کێشەکە قووڵتر دەکەن
ئەگەر ڤینیسیۆس لەسەر رەتکردنەوەی دەستەوارەکە بەردەوام بێت، پێگەی وەرزشیی ئەو لە مەدرید وەک پێشوو نامێنێت. هاتنی یان دیۆماندێ، کە توانای یاریکردنی لە هەردوو باڵەکەی هێرشبەریدا هەیە، دەستێکی کراوە دەداتە جۆزێ مۆرینیۆی راهێنەر تاوەکو جێگرەوەیەکی ئاستبەرزی هەبێت.
لە مەدرید باس لەوە دەکرێت، ئەگەر ئەم تەنگژەیەی گرێبەستەکە چارەسەر نەبێت، دوور نییە لە وەرزی نوێدا ڤینیسیۆس جونیۆر لەسەر کورسیی یەدەگ ببینرێت، چونکە مۆرینیۆ و کارگێڕیی یانەکە چاوپۆشی لە هیچ جۆرە گوشارێک ناکەن کە زیان بە سەقامگیریی تیپەکە بگەیێنێت.




