رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید دەیەوێت سێیەم بردنەوەی لەسەریەک لەسەر ئاستی ئەورووپا تۆماربکات و بە دڵخۆشییەوە بچێتە نێو رکابەریی کلاسیکۆ، کاتێک لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی لایپزیگ یاریی دەکات.
لە درێژەی یارییەکانی گەڕی سێیەمی قۆناخی خول، یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی لەنێو یاریگا و هاندەرانی بەرامبەر یانەی لایپزیگی ئەڵمانی یاریی دەکات و بەدوای بردنەوەیەکی دیکەدا دەگەڕێت.
ریال مەدرید رۆژی سێشەممە لە ڤالدێبێباس، دوایین ئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکەی مۆرینیۆ بۆ رکابەرییەکە ئامادەیە و دوای بردنەوەی لە ئینتەر و رۆما، ئەمجارە دەیەوێت بەرامبەر لایپزیگ سەرکەوتن بەدەستبهێنێت.
بردنەوەی ئەم یارییە بۆ ریال مەدرید دووجار گرنگە، لەکاتێکدا لە رکابەریکردن لەسەر پێشەنگی ریزبەندی چامپیۆنزلیگ بەردەوامدەبێت و بەبردنەوەوە دەچێتە یاریی کلاسیکۆ کە رۆژی یەکشەممە لە دەرەوەی یاریگای خۆی بەرامبەر بارسێلۆنا یاریی دەکات.
یانەی ریال مەدرید چوارجار بەرامبەر یانەی لایپزیگ یارییکردووە، تەنیا یەک یاریی دۆڕاندووە، 2 جار لە یانە ئەڵمانییەکەی بردووەتەوە و یارییەکیان بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
کیلیان ئێمباپێ و تیپەکە بە ورەیەکی بەرزەوە ئامادەن، بەتایبەت دوای ئەوەی لە یاریی رابردووی لالیگادا بردنەوەیەکی گەورەیان بەرامبەر سێڤییا تۆمارکرد.
بۆ ئەم یارییە ڤینیسیۆس جونیۆر ئامادەیە، لەکاتێکدا لە دوایین یاریی لالیگادا بەهۆی سزادانەوە یاریی نەکرد.
جۆزێ مۆرینیۆ، وەکو راهێنەر دووجار بەرامبەر یانەی لایپزیگ یارییکردووە، هەردوو یارییەکەی دۆڕاندووە، ئەویش لە ساڵی 2020 بوو، کاتێک راهێنەرایەتیی یانەی تۆتێنهامی ئینگلیزیی دەکرد.




