ووداو دیجیتال
رۆبێرتۆ مانچینی، ئەو راهێنەرەی هەم جۆش و خرۆشی بە ئیتاڵییەکان بەخشی و هەمیش بە رۆیشتنی بۆ سعودیە دڵتەنگی کردن، گەڕایەوە سەر کورسیی راهێنەرایەتی ئازووری و لە یەکەم دەرکەوتنیدا بەڵێنێکی گەورە بە هاندەران دەدات.
مانچینی کە پێشتر لە نێوان ساڵانی 2018 بۆ 2023 سەرکردایەتی ئیتاڵیای کرد و ریکۆردی 37 یاری بێ شکست و نازناوی یۆرۆ 2020ـی بۆ بەدەستهێنان، ئێستا بۆ وەلایەتێکی نوێ گەڕاوەتەوە تاوەکو شکۆ بۆ هەڵبژاردەیەک بگێڕێتەوە کە لە سێ مۆندیالی رابردوو بێبەش بووە.
دەمەوێت نازناو ببەمەوە بۆ ئەوەی لێم خۆش بن
مانچینی لە یەکەم دەرکەوتنی میدیاییدا دوای وەرگرتنەوەی پۆستەکەی، رایگەیاند "گرێبەستێکی چوار ساڵەمان واژۆ کردووە. هیوادارم نازناوێکی گەورە، یان تەنانەت دووان بۆ ئیتاڵیا ببەمەوە و بۆ ماوەیەکی درێژتر لەم پۆستەدا بمێنمەوە".
ئەو فاهێنەرە تەمەن 61 ساڵانە باش دەزانێت کە هاندەران هێشتا لە رۆیشتنە کتوپڕەکەی ساڵی 2023 بەرەو سعودیە تووڕەن، هەر بۆیە بە زمانێکی پڕ لە سۆز گوتی "هەوڵدەدەم تیپەکەمان ئاستێکی ئەوەندە جوان و سەرنجڕاکێش پێشکەش بکات کە هاندەران جارێکی دیکە عاشقی ببنەوە، و رەنگە بەوەش لەو کارەی پێشتر کردم خۆشن بن".
رانیێری؛ پارێزەری خەونی منداڵانی ئیتاڵیا
لە پاڵ دەستبەکاربوونی مانچینی، یەکێتیی تۆپی پێی ئیتاڵیا بڕیارێکی گرنگیدا و کلاودیۆ رانیێریی تەمەن 74 ساڵانی وەک بەڕێوەبەری تەکنیکی یەکێتییەکە دیاریکرد. رانیێری کە ئەرکی سەرپەرشتیکردنی پڕۆژە
وەرزشییەکانی ئیتاڵیای پێسپێردراوە، گوتی "دوو شتم دەوێت؛ یەکەم، گەڕاندنەوەی عەشق بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی. دووەم، دەمەوێت منداڵانی وڵاتەکەم، وەک برازاکەی خۆم کە تەمەنی 12 ساڵە و تاوەکو ئێستا ئیتاڵیای لە مۆندیالدا نەبینیوە، ئەو هەلەیان بۆ بڕەخسێت و تیپەکەیان لەوێ ببینن".
چۆن مانچینی گەڕایەوە
گەڕانەوەی مانچینی دوای ئەوە هات کە پلانی یەکێتییەکە بۆ دانانی ئەندریا پیرلۆ شکستی هێنا، ئەوەش بەهۆی تێوەگلانی ناوی پیرلۆ لە کێشەی گرەوکردن لەگەڵ کۆمپانیایەکی ڕووسی. ئەم کێشەیە وایکرد پاولۆ ماڵدینی و لیۆناردۆ، دوو ئەفسانەکەی ئیتاڵیا، لە پۆستەکانیان لە یەکێتییەکە دەستلەکاربکێشنەوە.
تاقیکردنەوەیەکی سەخت لە رۆما و بۆلۆنیا
یەکەم دەرکەوتنی مانچینی لە ئەرکە نوێیەکەیدا، لە 25ـی ئەیلوول دەبێت بەرامبەر بەلجیکا لە خولی نەتەوەکانی ئەورووپا لە یاریگای رۆما، دواتریش لە 5ـی تشرینی یەکەم لە بۆڵۆنیا رووبەڕووی تورکیا دەبنەوە. مانچینی لە کۆتاییدا گوتی "ئەم دوو یارییە زۆر گرنگن. دەستبەجێ پێمان دەڵێن ئێمە لە چ ئاستێکداین و پێویستە چی چاک بکەین".




