رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی کورد خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان مێدالیای برۆنزی لە پاڵەوانێتیی زۆرانبازیی جیهان لە ئەمریکا بەدەستهێنا.
محەممەدموبین عەزیمی، لە یاریی زۆرانبازی بەشداریی لە پاڵەوانێتیی جیهاندا کرد و لە کێشی 97 کیلۆگرامدا مێدالیای برۆنزی بۆ تەمەنی خوار 23 ساڵ بەدەستهێنا.
بەرەبەیانی ئەمڕۆ لە شاری لاس ڤێگاسی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، یارییەکانی تایبەت بە دیاریکردنی پلەی سێیەم و کۆتایی کێشەکانی (57، 65، 70، 79 و 97) کیلۆگرامی پاڵەوانێتیی زۆرانبازیی ئازادی جیهان بۆ تەمەنی ژێر 23 ساڵ بەڕێوەچو
لە کێشی 97 کیلۆگرامدا محەممەدموبین عەزیمی، هاونیشتمانیی خەڵکی سەقزی رۆژهەڵاتی کوردستان بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە لە یەکەم رووبەڕووبوونەوەیدا بە ئەنجامی 8-0 لە 'عەلیێڤ، زۆرانبازی خەڵکی ئازەربایجانی بردەوە.
لە قۆناخی دووەمیشدا بە ئەنجامی 9-5 بەسەر پۆیۆنۆڤی ئۆزبەکستانیدا سەرکەوت و گەیشتە قۆناخی چارەکی کۆتایی.
عەزیمی لە قۆناخی چارەکی کۆتاییدا رووبەڕووی گیداکی هاووڵاتیی تورکیایی بووەوە و توانی بە ئەنجامی 6-1 لێی بباتەوە و بگاتە قۆناخی پێش کۆتایی پاڵەوانێتییەکە.
لە قۆناخی پێش کۆتاییدا، عەزیمی بە ئەنجامی 14-9 بەرامبەر خانیێڤی رووسیا شکستی هێنا و نەیتوانی بگاتە یاریی کۆتایی، بۆیە رووی لە یاریی دیاریکردنی پلەی سێیەم کرد.
لە یاریی پلەی سێیەم و بەدەستهێنانی مێدالیای بڕۆنزدا، محەممەدموبین عەزیمی بە ئاستێکی بەرزەوە دەرکەوت و توانی بە ئەنجامی 10-0 لە سیمۆنیانی ئەرمەنی بباتەوە و مێدالیای زیوی پاڵەوانێتییەکە بۆ خۆی مسۆگەر بکات.
محەممەدموبین عەزیمی پێشتریش چەندین دەستکەوتی نێودەوڵەتی تۆمارکردووە.
لە دیارترین دەستکەوتەکانی موبین عەزیمی، بەدەستهێنانی مێدالیای زێڕی پاڵەوانێتیی لاوانی جیهان بوو لە ساڵی 2023 لە ئوردن؛ هەروەها مێدالیای زێڕی پاڵەوانێتیی جیهان بۆ تەمەنی ژێر 23 ساڵان لە سربیا و مێدالیای بڕۆنزی پاڵەوانێتیی زۆرانبازیی ئاسیا لە ساڵی 2025 بۆ خۆی مسۆگەر کردووە.




