رووداو دیجیتاڵ
لە هەواڵێکی چاوەڕواننەکراودا، یانەی خێتافی ئیسپانی دەرگای بۆ گەڕانەوەی بەرگریکاری خاوەن ئەزموون، سێرجیۆ رامۆس، ئەستێرەی پێشووی ریال مەدرید، کردەوە، ئەمەش لە چوارچێوەی هەوڵەکانی یانەکە بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری بۆ قۆناخی داهاتوو.
ئەنخێل تۆرێس، سەرۆکی یانەی خێتافی، لە لێدوانێکی رادیۆییدا بۆ 'رادیۆ ناسیۆناڵ'، ئاشکرای کرد کە پەیوەندی بە بەڕێوەبەری کارەکانی کە برای رامۆسەوە کردووە بۆ ئەگەری گواستنەوەی، هەرچەندە ئێستا هێنانی بەرگریکارێکی نوێ لە پێشینەی کارەکانی یانەکەدا نییە.
تۆرێس لە لێدوانەکەیدا گوتی"بەڵێ، رامۆس لە پلانماندایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی دڵی بەرگری، بەڵام بۆ ئێستا ئەمە لە پێشینەماندا نییە.. لەگەڵ برایدا قسەم کردووە بۆ خستنەڕووی بیرۆکەکە".
ئەم لێدوانانە لە کاتێکدا دێن کە خێتافی لە جووڵەی بەردەوامدایە بۆ رێکخستنی پێکهاتەکەی؛ کاتێک لە ماوەی رابردوودا دەستەوارەی بۆ جادۆن سانچۆی ئینگلیزی، یاریزانی پێشووی مانچێستەر یونایتد، خستەڕوو.
سیرجیۆ رامۆس لە تەمەنی 40 ساڵیدایە، دوای ئەوەی لە کۆتایی ساڵی رابردوودا کۆتایی بە ئەزموونەکەی لەگەڵ یانەی مۆنتێری مەکسیکی هێنا، تاوەکو ئێستا پەیوەندی بە هیچ یانەیەکی نوێوە نەکردووە. سەرەڕای دوورکەوتنەوەی لە یارییە فەرمییەکان، بەڵام ئەم بەرگریکارە ئیسپانییە لە رێگەی ئەو گرتە ڤیدیۆییانەی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینیستاگرام بڵاوی کردوونەتەوە، دەرکەوتووە کە لە دۆخێکی جەستەیی زۆر باش و ئامادەباشیدایە.
پێشتریش ناوی رامۆس بە ئەگەری گەڕانەوە بۆ لالیگا بەسترا بووەوە، نەک تەنیا وەک یاریزان، بەڵکو باس لەوەش دەکرا کە نیازێکی هەیە بۆ چوونە نێو کۆمەڵەی خاوەندارێتی یانەی سێڤییا، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ شتێکی نوێ لا ئارادا نییە.




