رووداو دیجیتاڵ
مایکل ئۆلیسێ، ئەستێرەی فەرەنسی یانەی بایرن میونشن پەیامێکی بڵاوکردەوە و تێیدا بێ ئومێدی خۆی نیشاندا بەرامبەر نەبردنی نازناوی مۆندیال، هاوکات شانازی بەوەوە دەکات توانیویەتی ریکۆردێکی مێژوویی پێلێ بشکێنێت و سوپاسی راهێنەری پێشووی هەڵبژاردەکەی دەکات.
ئۆلیسێ لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی ئینستاگرام نوسیویەتی "نەمانتوانی نازناوەکە ببەینەوە و ئەمە بێئومێدییەکی گەورەیە، لە سەرەتای مۆندیالەوە بەم شێوەیە بیرمان لە کۆتاییەکی ئاوا نەدەکردەوە". هەڵبژاردەی فەرەنسا تاوەکو قۆناخی پێش کۆتایی بە ئاستێکی بەرزەوە رۆیشت، بەڵام لەو قۆناخەدا بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا شکستی هێنا و ماڵئاوایی کرد.
سەرباری ئەو شکستە، ئۆلیسێ شانازی بەوەوە دەکات بووەتە خاوەنی زۆرترین ئەسیست لە مێژووی مۆندیالدا. ئەم یاریزانە 24 ساڵە توانی 7 ئەسیست بکات و ریکۆردەکەی پێلێی ئەفسانەی بەرازیل بشکێنێت کە 6 ئەسیستی لە مۆندیالی 1970 تۆمار کردبوو.
ئەو یاریزانە سوپاسی دیدێ دیشامپ، راهێنەری پێشووی فەرەنسای کرد و گوتی "سوپاست دەکەم یەکەم بانگهێشتت بۆ هەڵبژاردەی نیشتمانی بۆ من فەراهەم کرد و لە سەختترین ساتەکاندا باوەڕت بە من هەبوو، هەمیشە سوپاسگوزارت دەبم و هیوای سەرکەوتنت بۆ دەخوازم لە هەر رێگەیەک هەڵیدەبژێریت". ئێستا زینەدین زیدان وەک راهێنەری نوێی هەڵبژاردەی فەرەنسا ئەرکەکان وەردەگرێت.
لەبارەی داهاتووی خۆی لەگەڵ یانەی بایرن و دەنگۆی چوونی بۆ یانەی ریال مەدرید، ئۆلیسێ هیچ لێدوانێکی نەداوە. بەرپرسانی یانە ئەڵمانییەکە جەختیان کردووەتەوە فرۆشتنی ئەو یاریزانە لەم هاوینەدا مەحاڵە و گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2029ـە و دەیانەوێت واژۆی نوێی لەسەر بکەن.
ئێستا ئۆلیسێ لە پشووی دوای مۆندیال دایە و هاوشێوەی دایۆ ئۆپامیکانۆ و هاری کەین، دوای گەشتەکەی ئاسیا دەگەڕێتەوە مەشق و راهێنانەکانی یانەکەی.




