رووداو دیجیتاڵ
میدیای ئەرجەنتین، لیستی ناوی 10 کەسایەتی دیاری جیهانییان بڵاوکردووەتەوە کە بەبڕوای ئەوان، پێکهاتەی دوژمنەکانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتینە و تۆمەتباریان دەکەن بەوەی، بانگەوازیان بۆ دژایەتیکردنی ئەرجەنتین کردووە، لە مۆندیالی 2026.
لیستەکە لە پاش چەند رۆژێکی کەم، لە لەدەستدانی نازناوی مۆندیالی ئەمساڵ، لەلایەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتینەوە بڵاوکرایەوە، پاشئەوەی هەڵبژاردەکە لە یاریی کۆتایی مۆندیال، بەگۆڵێکی بێبەرامبەر بە ئیسپانیا دۆڕا.
لەمیانی مۆندیالدا، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی رەخنەی زۆر بووەوە لەلایەن، کەسایەتی و رۆژنامەڤانان و راهێنەرانی هەڵبژاردەکانی مۆندیال. هەندێک لەوان گومانیان لە بڕیاری ناوبژیوانان بەرامبەر ئەو هەڵبژاردەیە کرد و رەخنەیان لە مامەڵە و هەڵسوکەوتی یاریزانەکانی تانگۆ گرت.
بەپێی ئەو لیستەی میدیای ئەرجەنتینی بڵاویانکردووەتەوە، ئەو کەسایەتییانە لەماوەی مۆندیالدا، دژایەتی ئاشکرای هەڵبژاردەی ئەرجەنتینییان کردووە و ناوە ناوە، لە شوێنی جیاوازدا دەرکەوتوون و قسەیان لەسەر کردووە.
لیستەکەی میدیای ئەرجەنتین ناوی حوسام حەسەنی راهێنەری هەڵبژاردەی میسری تێدایە، کە هەڵبژاردەی لە قۆناخی شانزەی پاڵەوانێتییەکە، لەسەردەستی ئەرجەنتین دەرکرا.
راهێنەری میسر دوای یارییەکە رەخنەی لە ناوبژیوان گرتبوو، هەروەها فیفای بەخاترگرتنی مێسی و ئەرجەنتین، تۆمەتبارکردبوو.
حوسام ئەوەشی گوتبوو کە فیفا دەیەوێت مێسی تاوەکو کۆتایی لە پاڵەوانێتییەکەدا بمێنێتەوە، لەپێناو بازاڕگەری بۆ مۆندیالەکە.
کەسایەتییەکی دیکەی تۆمەتبارکراو بە 'دژایەتی ئەرجەنتین'، پیرس مورگانی راگەیاندنکاری بەریتانییە کە بەتووندی رەخنەی لە هەڵسوکەوتی یاریزانانی ئەرجەنتین گرت، کاتێک لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا پەلاماری یاریزانانی ئیسپانیایاندا.
مورگان گوتبووی هەڵسوکەوتی یاریزانانی ئەرجەنتین قێزەون بوو، بەتایبەت پاریدێس. ئەوان کۆمەڵێک یاریزانی تووندن و ئەوەش پەڵەیەکە بەناوچەوانی تۆپی پێوە، هیچ کاتێک هێندەی شکستەکەی ئەمشەو بۆ شکستی تیپێک دڵخۆش نەبوو.
لیستە ئەرجەنتینییەکە هەروەها ساموێل جاکسۆنی ئەکتەری ئەمریکی تێدایە، کە دوای شکستی یاریی کۆتایی گوتبووی، "ئەرجەنتین یەکێکە لە رەگەزپەرستترین وڵاتانی جیهان".
سپید یەکێکی دیکەیە لەو ناوانەی لەنێو لیستە ئەرجەنتینییەکەدا ناوی هێنراوە. سپید بە هاندان و هەوادارێتی گەورەی بۆ کریستیانۆ رۆناڵدۆ ناسراوە.
لە مۆندیالدا سپید ئامادەی ژمارەیەک یاریی بوو، لە هەموویاندا پشتگیری رکابەرەکانی ئەرجەنتینی کرد و لە یاریی کۆتاییدا بەبۆنەی شکستی ئەرجەنتینەوە، سەرشێتانە ئاهەنگی گێڕا و چەند جارێکیش کەوتە ناو دەمەقاڵەوە لەگەڵ هاندەرانی ئەرجەنتین.
لیستەکە ناوی چەند کەسایەتییەکی دیکەی تێدایە، لەوانەش زەهران مەمدانی، والیی نیویۆرک، کڵۆدیا شینپاومی سەرۆکی مەکسیک، رۆزالیای گۆرانیبێژی ئیسپانیا و پێدرۆ باسکالی ئەکتەری ئیسپانی.
لیستە بڵاوکراوەکە، کاردانەوەی زۆری لە سۆشیال میدیای ئەرجەنتین بەدوای خۆیدا هێناوە، بەشی زۆرینە پێیانوایە ئەوە بەرگرییەکی باشە لە ئەرجەنتین.




