رووداو دیجیتاڵ
لویس دی لافوێنتێی راهێنەری هەڵبژاردەی ئیسپانیا، باسی لە نهێنییەکانی پشت بەدەستهێنانی نازناوی مۆندیال، لەلایەن هەڵبژاردەی وڵاتەکەیەوە کردووە. ئەو دەڵێ گۆڵەکەی تۆرێس لە یاریی کۆتاییدا، وەڵامدانەوەی ئەو زوڵمە بوو کە لەو یاریزانە دەکرێت، ئاماژەی بەوەداوە، ئەوان بەدروستکردنی سیستمێک، توانیویانە هێڵێکی بەرگری بەهێز دروست بکەن و کەمترین گۆڵیان لێ بکرێت.
دی لافوێنتێ کە لە پاش گەڕانەوەی بۆ ئیسپانیا، وەک پاڵەوانی جیهان، لە میدیاکاندا باسی نهێنییەکانی گەشتی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بۆ ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا دەکات، دەڵێ، "ئەگەرچی ئەرجەنتین تەنیا یەک لێدانیشیان بۆ گۆڵەکەی ئێمە نەبوو، بەڵام دەکرا لە یەک ساتدا، هەموو شت بگۆڕێت و ئەوان ببن بەپاڵەوان".
دی لافوێنتێ روونیدەکاتەوە، "لە یاریی کۆتاییدا، بەڕوونی باڵادەستیی ئێمە دیاربوو، ئەوان هیچ لێدانێکیان بۆ گۆڵەکەمان نەبوو، ئێمە ئەگەرچی ئارام بووین، بەڵام تۆپی پێ هەموو کات سوپرایزی پێیە بۆت".
زیاتر دەڵێ، "ئەگەر کوبارسی ئەو تۆپەی لە کاتی زیادکراودا دوور نەخستایەتەوە، یان بەر ئۆنای سیمۆن بکەوتایە و نچووایەتە گۆڵەوە، دەکرا ئەوان بەبێ ئەوەی هیچ لێدانێکیان بۆ گۆڵی ئێمە هەبێت، ببنە پاڵەوانی مۆندیال. خۆشبەختانە بەباشی مامەڵە لەگەڵ هەلەکەدا کرا".
ئەو هەروەها دەڵێ، "مۆندیالی دی لافوێنتێ؟ ئەم قسەیە تووشی لەڕوودامانم دەکات، بەڵام من دەمەوێت بڵێم، ئەمە مۆندیالی هەڵبژاردەیەکی مەزن بوو".
بەرگرییە بەهێزەکە
لەبارەی هێزی بەرگریی هەڵبژاردەکەوە، راهێنەری ئیسپانیا دەڵێ، "بەدرێژایی پاڵەوانێتییەکە، تەنیا 10 لێدان بۆ گۆڵەکەمان هەبوو. بەڵام ئەوە بۆ بوونی تێگەیشتنێکی بەرگریکارانەی باش دەگەڕێتەوە کە کارمان لەسەر کرد و بەباشی گەشەمان پێدا، تیپەکە بەشێوازێکی بەکۆمەڵی سەرسوڕهێنەر، بەرگری دەکات".
دی لافوێنتێ دووپاتیدەکاتەوە، "ئەگەر تەماشای ژمارەکانمان بکەین، دەبینین ئێمە گۆڵی زۆر دەکەین، لە بەرامبەریشدا زۆر کەم گۆڵمان لێدەکرێت. ئێمە لە 50 یاریدا زیاتر لە 100 گۆڵمان تۆمارکردووە، تیپەکە هاوکار، بەخشندەیە و رێککارییەکی ناوازەی لە بەرگریدا هەیە".
52 رۆژ بەبێ کێشە
راهێنەری ماتادۆر دەڵێ من چاودێری ئەوە ناکەم کە لە دەرەوە روودەدات، ئەوە وا دەکات ئارامتربم.
زیاتر دەڵێ، "دوای یارییەکەی کابۆ ڤێردی، دەمانزانی رێگای راستمان کامەیە. ئەگەر رۆژێک باش نەبوویت و بەرامبەرەکەت باشبوو، ئەوە ئاساییە. تیپەکە هەنگاو بە هەنگاو گەشەی کرد، رۆژ لە دوای رۆژ باشتر بوو. دۆخی نێو کەمپەکە نموونەیی بوو، بەدرێژایی 52 رۆژ بچووکترین کێشەش رووینەدا. ئەمە کارێکی زۆر قورسە".
یاریزانەکان داهێنەرن
دی لافوێنتێ روونیدەکاتەوە کە هەموو بڕیارێک لەکاتی مۆندیالدا لەپاش بیرکردنەوە و توێژینەوە بووە. ئەو دەڵێ، "تیمێکی یاریدەدەری ناوازەم هەیە کە زانیارییەکانم دەدەنێ. دوای ئەوە هەستی شەشەم هەیە کە توانای ئەوەت دەداتێ، لە ساتێکی دیاریکراودا، بڕیاری دروست بدەیت".
ئەو دووپاتیدەکاتەوە هەموو شت لە یارییەکاندا بەپێی پلانێکی دیاریکراو دەڕۆیشتن، بەڵام هەر یارییە و بەئاراستەیەکی جیاوازدا دەتبەن. دەکرێ پێکان، یان دەرکردن یان گۆڵێک بۆتۆ یان لە دژت، هەموو شت بگۆڕن. "تۆپی پێ دەتوانێت لە 10 خولەکدا هەموو پلانەکەت هەڵبوەشێنێتەوە، بەڵام بیرۆکە سەرەکییەکە هەروەکخۆی دەمێنێتەوە. ئێمە لە دەرەوە بیرۆکەیەکمان هەیە، بەڵام تایبەتمەندی یاریزانەکان شێوازی جیاوازی دەداتێ، هەر یاریزانێک بیرۆکەکە بەو شێوەیە جێبەجێ دەکات کە لەگەڵیدا دەگونجێت".
گۆڵەکەی تۆرێس تۆڵە بوو
لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی ئەو یاریزانەی زۆر بۆی دڵخۆش بوویت کاتێک مۆندیالی بردەوە؟ یان ئایا بۆ فێران تۆرێس جیاواز بوو؟ راهێنەری ئیسپانیا دەڵێ، "زۆر دڵخۆشبووم کاتێک فێران گۆڵی تۆمارکرد، چونکە من هەمووکات هەوڵدەدەم دادپەروەربم. کاتێک زوڵم یان رەخنەیەکی نابەجێ دەبینم، یان دەبینم شکاندنەوەی تێدایە، باوەڕم بەوە هەیە کە ژیان هێشتا هەلی دیکەت دەداتێ بۆ وەڵامدانەوە".
ئەو هەروەها دەڵێ، "فێران لەگەڵ هەڵبژاردەدا ژمارەکانی ناوازەن. لەگەڵ یانەکەشی بەهەمان شێوە. رێژەی گۆڵی لە یارییەکاندا بەرزە، کەمێک ئەلڤارۆ مۆراتام بیر دەخاتەوە. دڵخۆشم بەوەی کەسێک ببینم وەڵامی زوڵمێک دەداتەوە و پێیان دەڵێت، من لێرەم، فێران وابوو، شایستەی ئەوەبوو لەبەرئەوەی دەکرا سەری دابخات و خۆی بەدەستەوە بدات، بەڵام ئەوەی نەکرد و وەڵامی دانەوە".
یۆرۆ یان مۆندیال؟
لەبارەی لەیەکچوون و جیاوازی لە نێوان یۆرۆ و مۆندیال، دی لافوێنتێ کە هەردوو نازناوەکەی بەدەستهێناوە دەڵێ، "دوو پاڵەوانێتی جیاوازن، ئێمە شارەزای تۆپی پێی ئەورووپین، باش لێی تێدەگەین، بەڵام مۆندیال وانییە، دەبێ ئامادەبیت بۆ ئەوەی خۆت لەگەڵ دۆخی جیاوازدا بگونجێنیت و رووبەڕووی هەڵبژاردە ئەفریقی و لاتینییەکان ببیتەوە".
ئەو جەختدەکاتەوە، "دەمانزانی کە لە یاریی کۆتاییدا دەکرێ بەرامبەر ئۆرۆگوای یان ئەرجەنتین یاریی بکەین. تۆپی پێی ئەمریکای باشوور بەو شێوەیەیە، بەڵام ئێمە هەموو کات یەک دروشممان هەبوو، ئەو یارییە دەکەین کە خۆمان دەمانەوێت. کەس لە پلانەکە دەرنەچوو، بەدوای شێوازی رکابەرەکانیشمان نەکەوتین، چونکە ئێمە نازانین ئەو جۆرە یارییە بکەین. ئەوان لە ئێمە باشتربن دەدۆڕێین و لەوانەیە قورس بدۆڕێین، بەڵام کاتێک بەشێوازی خۆمان یارییدەکەین، ئەوکات ئێمە باشتر دەبین".
تیکی تاکام ناوێت
راهێنەری ئیسپانیا پەسنی یاریزانە لاوەکانی تیپەکەیداوە، دەڵێ، لامین یامال و پاو کوبارسی نایابن، ئەوان "گەشەکردن و پێگەیشتنێکی ناوازەیان هەیە، بەبڕوای من، ئەوان بلیمەتن".
ئاماژەی بەوەداوە کە "لێکچوونی نەوەی ئەمساڵ و نەوەی 2010ی هەڵبژاردەکە؟ تۆپی پێ لە چەند ساڵی رابردوودا زۆر گۆڕاوە، ئێمە هەمان نموونەمان هەیە، بەڵام گەشەی کردووە، من حەزم لە دەستەواژە ئامادەکانی وەک تیکی تاکا نییە، دەزانم چۆن بەکاردەهێنرێت، بەڵام من بەلامەوە باشە وای ناوبنێم، ئەوە یاریی بەکۆمەڵ و هاوسەنگە".
دی لافوێنتێ وەک خۆی ئاماژەی پێداوە، چەند هەفتەیەک پشوو دەدات، دواتر دەست بەئامادەکارییەکانی بۆ یارییەکانی داهاتووی هەڵبژاردەکە دەکاتەوە.




