رووداو دیجیتاڵ
مۆندیالی 1970ـی مێکسیکۆ پێشەنگی باشترین مۆندیالەکانی مێژووی گرتووە و مۆندیالی 2026 کە ئیسپانیا نازناوەکەی بردەوە لە پلەکانی دواتر دێت. ئەم ریزبەندییە لەلایەن میدیای ئینگلتەراوە بۆ 23 خولی مۆندیال لە ماوەی 96 ساڵدا ئامادەکراوە، کە تێیدا پشت بە کوالێتی یارییەکان، هێزی هەڵبژاردەکان، کاریگەریی ئەستێرەکان و ساتە مێژووییەکان بەستراوە.
لە ریزبەندییەکەدا مۆندیالی 1982ـی ئیسپانیا لە پلەی دووەم دێت، دواتریش مۆندیالی 1986ـی مەکسیک کە بە درەوشانەوەی دیێگۆ ئارماندۆ مارادۆنای ئەفسانەی ئەرجەنتینی دەناسرێتەوە لە پلەی سێیەمە. مۆندیالەکانی فەرەنسا 1998، ئەڵمانیا 2006، سوێد 1958، بەرازیل 2014، ئەڵمانیای رۆژئاوا 1974 و رووسیا 2018 لە پلەکانی چوارەم تاوەکو نۆیەم دێن، مۆندیالی 2026ـی ئەمریکا، مەکسیک و کەنەدا پلەی دەیەمی گرتووە.
مۆندیالی 1970 لەبەرئەوە پلەی یەکەمی گرتووە، چونکە یەکەمجار بوو یارییەکان بە رەنگاوڕەنگ لە تەلەڤزیۆنەوە پەخش بکرێن. لەو پاڵەوانێتییەدا یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی مێژوو، نازناوەکەی بردەوە و چەندین یاریی بەهێز بینران، وەک بردنەوەی ئەڵمانیای رۆژئاوا لە ئینگلتەرا بە 3-2 گۆڵ و دواتریش دۆڕانی بەرامبەر ئیتاڵیا بە 4-3 گۆڵ لە نیوەی کۆتایی. لەم مۆندیالەدا بۆ یەکەمجار گۆڕانکاریی یاریزانان و کارتە سوور و زەردەکان بەکارهێنران. پێلێ سەرکردایەتی بەرازیلی کرد بۆ بردنەوەی نازناوەکە دوای سەرکەوتنیان لە یاریی کۆتایی بەرامبەر ئیتاڵیا بە 4-1.
مۆندیالی 1982 پلەی دووەمی گرتووە. لەو پاڵەوانێتییەدا ئیتاڵیا هەرچەندە بەربژێری سەرەکی نەبوو، بەڵام توانی لە یاریی کۆتایی بە 3-1 گۆڵ لە ئەڵمانیای رۆژئاوا بباتەوە و ببێتە پاڵەوان. پاولۆ رۆسی بە تۆمارکردنی سێ گۆڵ لە بەرازیل ناوی خۆی لە مێژوودا نووسییەوە.
مۆندیالی 1986 لە پلەی سێیەم دێت و بە مۆندیالی مارادۆنا دەناسرێتەوە. مارادۆنا یەکێک لە باشترین ئاستە تاکەکەسییەکانی مێژووی پێشکێش کرد و لە یاریی کۆتایی بە 3-2 گۆڵ لە ئەڵمانیای رۆژئاوایان بردەوە. گۆڵە بەناوبانگەکانی بەرامبەر ئینگلتەرا لە یادی هەواداراندا ماوەتەوە.
لە پلەی چوارەمدا مۆندیالی 1998 دێت کە فەرەنسا لەسەر خاکی خۆی بە 3-0 گۆڵ لە یاریی کۆتاییدا، لە بەرازیلی بردەوە. زینەدین زیدان بە دوو گۆڵی ناوازە، نازناوەکەی بۆ کەڵەشێرەکان یەکلاکردەوە. مۆندیالی 2006ـی ئەڵمانیاش لە پلەی پێنجەم دێت، کە تێیدا ئیتاڵیا بۆ دوایینجار بووە پاڵەوان دوای بردنەوەی لە فەرەنسا بە لێدانی یەکلاکەرەوە.
مۆندیالی 1958ـی سوێد پلەی شەشەمی گرتووە، کە یەکەم نازناوی بەرازیل بوو بە سەرکردایەتی پێلێ لە تەمەنی 17 ساڵیدا. مۆندیالی 2014ـی بەرازیل لە پلەی حەوتەم دێت و یارییەکەی ئەڵمانیا و بەرازیل کە بە 7-1 گۆڵ کۆتاییهات، بە دیارترین رووداوی ئەو پاڵەوانێتییە دادەنرێت. مۆندیالی 1974ـی ئەڵمانیای رۆژئاوا لە پلەی هەشتەم دێت، کە تێیدا یۆهان کرۆیف و سیستمی 'تۆپی پێی گشتگیر' لەگەڵ هۆڵەندا جیهانیان سەرسام کرد. مۆندیالی 2018ـی رووسیاش پلەی نۆیەمی بەرکەوتووە.
مۆندیالی 2026 کە بە بەشداریی 48 هەڵبژاردە بەڕێوەچوو، پلەی دەیەمی گرتووە. ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی بە 1-0 گۆڵ لە ئەرجەنتینی بردەوە. هەرچەندە ژمارەی یارییەکان زۆر بوو، بەڵام یاریی کۆتایی ئاستی وەک پێویست نەبوو، ئەمەش کاریگەریی لەسەر دابەزینی پلەکەی هەبوو.
مۆندیالی 2022ـی قەتەر لە پلەی 11ـەمدایە. هەرچەندە یاریی کۆتایی نێوان ئەرجەنتین و فەرەنسا بە یەکێک لە باشترینەکانی مێژوو دادەنرێت، بەڵام کاتی بەڕێوەچوونی خولەکە لە مانگی 11 و هەندێک یاریی سستی قۆناخەکانی پێشوو، پلەکەیان دابەزاندووە. مەغریبیش وەک یەکەم هەڵبژاردەی ئەفریقا گەیشتە نیوەی کۆتایی.
مۆندیالەکانی دیکە بەم شێوەیەن: باشووری ئەفریقا 2010 لە پلەی 12، ئەمریکا 1994 لە پلەی 13، ئەرجەنتین 1978 لە پلەی 14، ژاپۆن و کۆریای باشوور 2002 لە پلەی 15. مۆندیالی 1950ـی بەرازیل کە تێیدا بەرازیل لە مێژوویەکی خەمناکدا بە ئۆرۆگوای دۆڕا، لە پلەی 16 دێت. مۆندیالی 1966ـی ئینگلتەرا پلەی 17 و ئیتاڵیا 1990 پلەی 18ـی بەرکەوتووە.
لە کۆتایی لیستەکەدا، مۆندیالی 1954ـی سویسرا لە پلەی 19، چیلی 1962 لە پلەی 20، یەکەم مۆندیال لە ساڵی 1930 پلەی 21، ئیتاڵیا 1934 پلەی 22 و مۆندیالی 1938ـی فەرەنسا لە دوایین پلەی ریزبەندییەکەدایە.




