رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەرجەنتین سوورە لەسەرئەوەی، لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵدا بەرامبەر ئیسپانیا، هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لەلایەن ناوبژیوانەوە، زوڵمی لێکراوە
خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین، ئاشکرایکردووە، خەڵکی دیکە، ئیرەیی بە ئەرجەنتین دەبەن، چونکە نزیکەی لە هەموو شتێکدا لێهاتووە.
میلی، رۆژی دووشەممەی رابردوو، لە سۆشیال میدیای خۆی هەڵەیەکی گەورەی کرد، کاتێک پۆستێکی پێشتر ئامادەکراوی بڵاوکردەوە، کە تێیدا رایدەگەیەنێت، بەهۆی بوونی هەڵبژاردەی وڵاتەکە بەپاڵەوانی جیهان، پشووی فەرمی لە وڵاتدا راگەیێنراوە.
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر، بەرامبەر هەڵبژاردەی ئیسپانیا دۆڕاند.
میلی قسەی بۆ میدیاکان کردووە و دەڵێ، "کێشەی ئەرجەنتین ئەوەیە کە ئێمە زۆر سەرنجڕاکێشین، کەس ناتوانێ پشتگوێمان بخات، خەڵک ئیرەییمان پێدەبەن، چونکە ئێمە نزیکەی لە هەموو شتێکدا لێهاتووین، من داوای لێبوردن دەکەم، بەڵام دەبێ کەسێک بێت و ئەو راستییانە بڵێت".
سەرۆکی ئەرجەنتین، راشکاوانە قسەی لەبارەی یاریی کۆتایی مۆندیالەوە کردووە و دووپاتیدەکاتەوە، لە یارییەکەدا بەرامبەر ئیسپانیا، هەڵبژاردەی وڵاتەکەی بەهۆی بڕیارەکانی ناوبژیوانەوە، زوڵمی بەرامبەر کراوە، ئەگەرچی بەدرێژایی کاتی یارییەکە، هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، تەنیا دوو لێدانی هەبوو بۆ گۆڵی ئیسپانیا، هەردوو لێدانەکەش پاش پێشکەوتنی ئیسپانیا بوو لە ئەنجامەکەدا.
قسەکانی سەرۆکی ئەرجەنتین، دژی بۆچوونی باوی ناو خەڵکە کە پێیانوایە، بەدرێژایی کاتی مۆندیالەکە، ئەرجەنتین سوودی لە چەندین بڕیاری هەڵەی ناوبژیوانان وەرگرتووە.
میلی دەڵێ، "یارییەکی ناوازە بوو، لەگەڵ ئەوەدا کە ئەرجەنتین دەیتوانی لە دوا خولەکەکاندا ئەنجامەکە یەکسان بکاتەوە، بەڵام رووداوەکان لە دژی بوون".
ئەو زیاتر گوتوویەتی، "ئەرجەنتین هەموو کات هەڵوێستی هاوسەنگی هەبووە و بەشێوەیەکی رێکوپێک و رێککارانە مامەڵەی لەنێو پاڵەوانێتییەکەدا کردووە، تەنانەت لەو کاتانەشدا کە ناوبژیوان هەڵەی بەرامبەر هەڵبژاردەکەمان دەکرد. هەموو کات پەرچەکرداری تیپەکە هاوسەنگ و رێکخراو بوو، تایبەتمەندیی جەنگانی بەسەردا زاڵبوو".
قسەکانی سەرۆکی ئەرجەنتین، هاوکاتە لەگەڵ بڕیاری فیفا بەکردنەوەی دۆسێی لێکۆڵینەوە لە ژمارەیەک یاریزانی ئەرجەنتین، کە لە دوای فیکەی ناوبژیوان، لە یاریی کۆتایی مۆندیال، پەلاماری یاریزانانی ئیسپانیایاندا.




