رووداو دیجیتاڵ
کەریم ئادێمی، هێرشبەری نوێی یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، کە تاوەکو ئێستا بەفەرمی وەک یاریزانی بارسێلۆنا نەناسێنراوە، رووبەڕووی دڵشکاندنێکی گەورە بووەتەوە، لەلایەن دەستەی لالیگاوە.
بارسێلۆنا گرێبەستی لەگەڵ ئەو یاریزانە کردووە، پاشئەوەی هەفتەی رابردوو پشکنینە پزیشکییەکانی یانەکەی تێپەڕاند، بەڵام تاوەکو ئێستا گرێبەستەکە لەلایەن یانە کەتەلۆنییەکەوە، بەفەرمی رانەگەیێنراوە.
ئادێمی دەبێتە یاریزانی تیپی یەکەمی بارسای بەشدار لە لالیگا و چامپیۆنزلیگ.
رۆژنامەی 'سپۆرت' ئاشکرایکردووە، یاریزانە نێودەوڵەتییە ئەڵمانییەکە، دەیەوێت لە ئیسپانیا و لەگەڵ یانە نوێیەکەی، درێسی ژمارە 27 بپۆشێت، کە یادەوەریی زۆری لەگەڵیدا هەیە، بەتایبەت لەسەرەتاکانی دەرکەوتنی وەک یاریزان و لە چەندین وێستگەی جیاوازی ژیانیدا، ئەو هەمان درێسی پۆشیوە.
رۆژنامەکە دەڵێ، ویست و خەونی ئادێمی رووبەڕووی پەرژینی یاساکانی لالیگا بووەتەوە و ئەوەش ئەوی نیگەران کردووە.
بەپێی یاساکانی لالیگا، یاریزانانی تیپی یەکەمی یانەکان، بۆیان هەیە تاوەکو درێسی ژمارە 25 لەبەر بکەن، لە کاتێکدا ژمارەکانی 26 تاوەکو 99 دەدرێتە ئەو یاریزانانەی لە تیپی دووەمی یانەکان، یان لە لیستی یەکەمی یانەکەدا تۆمارنەکراون.
بەپێی ئەو یاسایە، لە بارسێلۆنا، ئادێمی ناتوانێت درێسە دڵخوازەکەی خۆی کە ژمارە 27ە لەبەر بکات.
رۆژنامەکە دەڵێ، ئەو یاریزانە نەیدەزانی لە ئیسپانیا ئەو یاسایە هەیە، تەنیا چەند رۆژێک لەمەوبەر بۆی ئاشکرابووە و هەر لەبەرئەوەش، ناچارە بەدڵشکاوی ژمارەیەک لە نێوان 1 تاوەکو 25 هەڵبژێرێت.
یاریزانێکی دیکەی بارسێلۆنا کە یانەکە دەبێ لە سنووری رێگەپێدراودا، ژمارەیەکی بۆ دەستنیشان بکات، روونی بەرداخچییە کە وەرزی رابردوو، لەبەرئەوەی لەسەر لیستی تیپی دووەمی یانەکە بوو، درێسی ژمارە 28ی دەپۆشی، بەڵام ئەمساڵ لە لیستی تیپی یەکەمی یانەکەدا تۆمارکراوە، لەبەرئەوە دەبێ ژمارەیەکی نوێ وەربگرێت.
ئادێمی لە تەواوکردنی رێوشوێنەکانی گواستنەوەکەی بۆ بارسا بەردەوامە، بەیانیی ئەمڕۆ لە شاری وەرزشیی 'خوان گامبەر' بووە، بەڵام بەشداریی مەشقەکانی نەکردووە، چونکە بەفەرمی گرێبەستەکەی رانەگەیێنراوە.
میدیای ئیسپانیا دەڵێن، بارسا و بۆرووسیا دۆرتمۆند لە تەواوکردنی مامەڵەکانی گواستنەوەی یاریزانەکە بەردەوامن، کارەکەش لە کۆتاییەکانیدایە، بەڵام کارگێڕیی بارسێلۆنا پێیان باشە، تاوەکو کۆتایی هاتنی تەواوی رێوشوێنەکانی گواستنەوەکە، گرێبەستەکە رانەگەیێنن.



.jpg&w=3840&q=75)
