رووداو دیجیتاڵ
گرێبەستە گرنگەکەی بارسێلۆنا تاوەکو دێت نزیکتر دەبێتەوە و ئیمێریک لاپۆرتی بەرگریکاری ئیسپانیا رەزامەندی دەربڕیوە بۆ پەیوەندیکردن بە بارسێلۆناوە. میدیای ئیسپانیا باس لەوە دەکات کە کەسە نزیکەکانی ئەو بەرگریکارە ئیسپانییە خوان لاپۆرتای سەرۆکی یانەکەیان لە ئارەزووی ئەو یاریزانە ئاگادار کردووەتەوە.
ئیمێریک لاپۆرت، بەرگریکاری یانەی ئاتلێتیک بیلباو، رەزامەندی نیشانداوە بۆ پەیوەندیکردن بە ریزەکانی بارسێلۆناوە لەماوەی بازاڕی گواستنەوەی ئەم هاوینە، بۆ بەهێزکردنی هێڵی بەرگری یانە کەتەلۆنییەکە.
لاپۆرت بەشێوەیەکی بەرچاو لەگەڵ هەڵبژاردەی ئیسپانیا لە جامی جیهانی 2026 درەوشایەوە، و یەکێک بوو لە هۆکارەکانی بەدەستهێنانی دووەم نازناوی جیهانی بۆ ماتادۆر.
ئەم درەوشانەوەیە وای لە یانە کەتەلۆنییەکە کرد هەنگاو بنێت بۆ راکێشانی لاپۆرتی تەمەن 32 ساڵ بۆ ریزەکانی بارسا.
میدیاکانی ئیسپانیا رایانگەیاند کە بارسێلۆنا پێویستی بە دانوستاندن لەگەڵ ئاتلێتیک بیلباو نابێت، لەبەر هەبوونی مەرجی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەست لە ناو گرێبەستەکەی لاپۆرتدا، کە تەنیا 15 ملیۆن یۆرۆیە.
کەناڵی Esport3ـی کەتەلۆنی ئاماژەی بەوە کردووە کە لاپۆرت لە راستییدا گرنگی بە گواستنەوە بۆ بارسێلۆنا لە وەرزی نوێدا دەدات و هاوڕێکانی ئەوەیان بە خوان لاپۆرتای سەرۆکی بلاوگرانا راگەیاندووە.
بەرپرسانی بارسێلۆنا پێیانوایە ئەمە گرێبەستێکی زۆر گرنگە بۆ یانەکەیان، چونکە لەو بڕوایەدان کە ئیمێریک لاپۆرت دەتوانێت لەگەڵ پاو کوبارسی دووانەیەکی بەهێز لە دڵی بەرگری تیپەکەی هانزی فلیک دروست بکەن، کە لە مۆندیالیشدا دووانەیەکی بەهێز بوون و لە 8 یارییدا تەنیا یەک گۆڵیان لێکرا.




.jpg&w=3840&q=75)