رووداو دیجیتاڵ دوای شکستیان لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رووبەڕووی قەیرانێکی نوێ دەبێتەوە. فیدراسیۆنی نێودەوڵەتی تۆپی پێ بەفەرمی لێکۆڵینەوەیەکی رێککاری دژی یاریزانانی تانگۆ دەستپێکرد، ئەمەش دوای ئەو گرژی و ئاڵۆزییانەی لە کۆتایی یارییەکەدا بەرامبەر ئیسپانیا روویاندا. هەڵبژاردەی ئیسپانیا توانی نازناوی مۆندیالی 2026 بەدەستبهێنێت، دوای ئەوەی بە گۆڵێکی بێبەرامبەر و لە کاتی زیادکراودا لە هەڵبژاردەی ئەرجەنتینی بردەوە. بەڵام ئەوەی سەرنجی میدیاکانی جیهانی راکێشا، تەنیا ئەنجامەکە نەبوو، بەڵکو ئەو شەڕ و پێکدادانە بوو کە لەدوای فیکەی کۆتایی لە نێوان یاریزانانی هەردوو تیپدا دروستبوو. فیفا دێتە دەنگ بەگوێرەی هەواڵێکی سکای سپۆرتس نیوز، فیفا وردەکاریی رووداوەکانی کۆتایی یارییەکە تاوتوێ دەکات و سەیری راپۆرتی ناوبژیوانان و گرتە ڤیدیۆییەکان دەکات بۆ سەپاندنی سزا بەسەر ئەو یاریزانانەی تێوەگلاون. دیارترین ئەو خاڵانەی لێکۆڵینەوەیان لەسەر دەکرێت: 1 - لیاندرۆ پاریدیس: بەهۆی هەڵسوکەوتی نەشیاو و شەڕکردن لەگەڵ یاریزانانی ئیسپانیا، بەتایبەت گاڤی لە کاتی ئاهەنگگێڕانی نازناوەکە، بە کارتی سوور دەرکراوە. 2 - رۆبێرتۆ ئایالا: یاریدەدەری راهێنەری ئەرجەنتین لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت بەهۆی پاڵنانی دانی ئۆڵمۆ. بێڕێزی بەرامبەر جامەکە؟ جگە لە شەڕ و پێکدادان، فیفا لێکۆڵینەوە لە رەفتاری شاندی ئەرجەنتین دەکات لە کاتی رێوڕەسمی خەڵاتکردنەکەدا؛ کاتێک ژمارەیەک یاریزان پشتیان لە سەکۆکە کرد لەو ساتەی ئیسپانییەکان جامی جیهانییان بەرزکردەوە، ئەمەش کاردانەوەی زۆری لە میدیاکاندا لێکەوتەوە. بڕیارە لە چەند هەفتەی داهاتوودا، لیژنەی رێکاری فیفا بڕیاری کۆتایی و سزاکان بەسەر یاریزانە تێوەگلاوەکاندا رابگەیەنێت.