رووداو دیجیتاڵ خافیێر تێباس، سەرۆکی دەستەی لا لیگا، وەڵامێکی ناڕاستەوخۆی بۆ ئیمێریک لاپۆرت، بەرگریکاری هەڵبژاردەی ئیسپانیا نارد و رایگەیاند، کە ناوبژیوانی نابێتە بەربەست لەبەردەم خەونەکانی ماتادۆر. تێباس لە چوارچێوەی بەشداریکردنی لە چالاکییەکدا کە لە لیتل ئیسپانیا لە شاری نیویۆرک بە بۆنەی یاریی کۆتایی مۆندیالەوە رێکی خستبوو، رایگەیاند "بە جۆشوخرۆشێکی زۆرەوە چاوەڕێی یارییەکە دەکەین. ئەگەر بەو شێوازەی خۆمان بیزانین یاری بکەین، گرنگ نییە کێ ناوبژیوانە، چونکە ئاستی یاریزانەکان وا دەکات ناوبژیوان هیچ کاریگەرییەکی نەبێت و سەرنجی کەس رانەکێشێت." تێباس لە وەڵامی ئەو نیگەرانییانەی کە لە دەورووبەری هەڵبژاردەکە سەبارەت بە ناوبژیوانی هەن، داوای کرد هەمووان واز لە 'شێوازی منداڵانە' بهێنن و تەنیا سەرنجیان بخەنە سەر یاریگاکە، چونکە بە بڕوای ئەو، ئیسپانیا ئەوەندە بەهێزە کە هیچ بڕیارێکی ناوبژیوان ناتوانێت لە نازناوەکە دووری بخاتەوە. سەبارەت بەو ئاستەی ئیسپانیا لە یارییەکانی پێشوودا پێشانیان داوە، تێباس بەتایبەت تیشکی خستە سەر یارییەکەی فەرەنسا و گوتی "نازانم لە مێژووی مۆندیالدا یارییەک هەبووە یان دەبێت هاوشێوەی یاریی نێوان ئیسپانیا و فەرەنسا بێت. چەندین جار سەیری یارییەکەم کردووەتەوە، بەتایبەت گۆڵەکەی پێدرۆ پۆرۆ کە شتێکی بێوێنە بوو." سەرۆکی دەستەی لالیگا پێشبینییەکانی خۆی بۆ ئەنجامی یارییەکە ئاشکرا کرد و گوتی "دڵنیام ئیسپانیا بە جیاوازی زیاتر لە گۆڵێک دەباتەوە." یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026، ئەمشەو کاژێر 22:00 لەنێوان هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا بەڕێوەدەچێت.