رووداو دیجیتاڵ
دوای 38 رۆژ لە رکابەری، 46 هەڵبژاردە ماڵئاواییان کرد و گەڕانەوە ماڵەکانیان، ئێستا تەنیا دوو تیپ ماون و یەکێکیان دەبێتە گەورە جیهان.
مۆندیالی 2026 کۆتاییدێت، ئەرجەنتینی پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو و ئیسپانیای خاوەنی مۆندیالی 2010 رووبەڕووی یەکدەبنەوە و رکابەری لەسەر بردنەوەی نازناوی پاڵەوانێتییەکە دەکەن.
یارییەکە ئەمشەو بەکاتی باشووری کوردستان، کاژێر 22:00 و کاژێر 15:00 بەکاتی نیویۆرک بەڕێوەدەچێت، ئەمڕۆ هەموو شتێک بەلاوە دەنرێت و جیهان چاوەڕێی بینینی یارییە مێژووییەکە دەکات.
هەموو ئامادەکارییەکان لە یاریگا تەواوبوون، زیاتر لە 80 هەزار هاندەر لە یاریگا دەبن، ملیۆنان هاندەر لە بۆینس ئایرێس، مەدرید و هەموو جیهان لە رێگەی شاشەی تەلەڤزیۆنەکانەوە بینەری یارییەکە دەبن، بۆ ئەوەی رکابەرییەکی مێژوویی ببینن، کاتێک لیۆنێل مێسیی بە ئەزموون و لامین یامالی تازەپێگەیشتوو رکابەری لەسەر نازناوەکە دەکەن.
لە یارییەکە دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا، ئامادەدەبێت و جامی مۆندیال دەداتە کاپتنی تیپی پاڵەوان.
پێدرۆ سانچێز، سەرۆکوەزیرانی ئیسپانیا لە نیویۆرکە و ئامادەی ئەم یارییە مێژووییەی وڵاتەکەی دەبێت، بەڵام سەرۆکی ئەرجەنتین لەوێ نییە.
نرخی بلیتی یاریی کۆتایی ریکۆردێکی مێژوویی لە وەرزشی ئەمریکادا تۆمارکردووە و گەیشتووەتە سەرووی 11 هەزار دۆلار، براوەی مۆندیال بۆ چوار ساڵی داهاتوو دەبێتە گەورەی تۆپی پێی جیهان و 50 ملیۆن دۆلار وەکو خەڵاتی دارایی وەردەگرێت.




