رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین باس لە وێنەکەی لەگەڵ لامین یامال دەکات و دەڵێت "ئەو یەکێکە لە باشترین یاریزانەکانی ئێستای جیهان"
مێسی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی بەر لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 لەنێوان ئەرجەنتین و ئیسپانیا قسەیکرد و لە وەڵامی پرسیارێکدا لەبارەی وێنەکەی لەگەڵ لامین یامال، کە لە کاتی منداڵیی لامیندا گیراوە گوتی "لامین یاریزانێکی بلیمەتە و لە نزیکەوە چاودێریم کردووە، چونکە لە یانەیەک یاریی دەکات خۆشم دەوێت و هەمیشە هیوای باشترینی بۆ دەخوازم. ئەو تەمەنی تەنیا 19 ساڵە و یەکێکە لە یاریزانەکانی جیهان، تەواوی ژیانی وەرزشی لەبەردەمیدایە و هەلێکی گەورەی هەیە بۆ ئەوەی دەستکەوتێکی مێژوویی تۆمار بکات، هەر بۆیەش ئێمە هەموو هەوڵێکی خۆمان دەدەین بۆ ئەوەی دڵنیابین لەوەی ئەمجارە ئەوە روونەدات."
لیۆ لەبارەی لامینەوە زیاتر گوتی "بە هەر حاڵ، هیوای سەرکەوتنی بۆ دەخوازم. راستییەکەی، ئەم وێنەیە تەواو شێتانەیە، چونکە من کاتێک ئەو منداڵێکی ساوا بوو وێنەم لەگەڵ گرتووە، ئێستاش لێرەین و هەردووکمان لە مۆندیالدا رکابەریی یەکدی دەکەین. بەراستی شێتانەیە، بەڵام هەر چۆنێک بێت، ئەو ئێستا بەبێ گومان یەکێکە لە باشترینەکانی جیهان. هیوای باشترین بەختی بۆ دەخوازم، چونکە هەرچییەک بۆ ئەو باش بێت، بۆ بارسێلۆناش باش دەبێت."
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا مێسی باس لە یارییەکە دەکات و دەڵێت " هەوڵ دەدەین ئاستێکی باش پێشکەش بکەین بۆ ئەوەی ئەو نەتوانێت بە باشترین شێوەی خۆی یاری بکات، هەرچەندە کارێکی قورسە. هەوڵ دەدەین ئەو و ئیسپانیاش رابگرین، تەنیا لامین نییە؛ ئەوان یاریزانی دیکەی بلیمەتیان هەیە و تۆپی پێیەکی نایاب یاری دەکەن، بەڵام ئێمەش چەک و تواناکانی خۆمانمان هەیە. ئێمە بە یاریی تۆپی پێ گەورە بووین. هەمیشە بە سۆز و ویستێکی زۆرەوە ئەزموونمان کردووە، بە ئارەزوویەکی راستەقینە بۆ یاری کردن، بۆ خۆشی و چێژ وەرگرتن، لە هەر شوێنێک بووبێت، لە قوتابخانە، لە کۆڵان، یان لە تیپێکدا، وەک چۆن هەموومان کاتێک زۆر بچووک بووین لە تیپێکی ناو گەڕەکەکمانەوە دەستمان پێکرد."
کاپتن و گۆڵکاری تانگۆ بە رۆژنامەڤانانی گوت "پێموایە هیچ کاتێک بە ڕاستی بیرمان لە گوشار نەکردووەتەوە، هەمیشە وەک شتێکی سروشتی تەماشامان کردووە، تەنیا یاریی کردن، کاتێکی خۆش بەسەربردن و رکابەری کردن. چونکە لە کۆتاییدا ئێمە گرووپێکی رکابەرین، حەزمان لە بردنەوەیە، بەڵام هەمیشە بەو تێگەیشتنەی کە ئەمە وەرزشە، وەرزشێکی بەکۆمەڵە، کە رکابەرەکەش یاریی دەکات و هەمیشە ناتوانیت ببیەیتەوە. پێموایە کاتێک بچووک بووم دەستم کرد بە فێربوون و تێگەیشتن لەوەی کە لە راستیدا مرۆڤ زیاتر دەدۆڕێت وەک لەوەی بباتەوە، ئەمە یارمەتیدام وەک مرۆڤێک و وەک یاریزانێکیش گەشە بکەم."



