رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆر، کە ئەم وەرزە گەیشتووەتە خولی نایابی تورکیا (سوپەر لیگ)، گۆڕانکارییەکی گەورەی لە پێکهاتەکەیدا دەستپێکردووە و بە فەرمی ماڵئاوایی لە 11 یاریزانی یانەکە کرد.
یانە کەسک و سۆرەکەی شاری ئامەدی باکووری کوردستان، لە راگەیێندراوێکی فەرمیدا کە رۆژی هەینی 17ی تەممووزی 2026 بڵاویکردەوە، ژمارەیەکی زۆر لە یاریزانانی لە لیستی تیپەکەی دوورخستەوە، کە هەندێکیان یاریزانی ناسراو و بە ئەزموونن.
ئامەدسپۆر لە هەژماری فەرمیی خۆی و لەژێر ناونیشانی "سوپاس" بڵاویکردەوە، کە گرێبەستی هەریەکە لە یاریزانان: حەسەن عەلی کاڵدرم، مورات ئوچار، فێلیکس ئەفێنا گیان، ئیمرا باسان، تارکان سەربەست، ئاداما تراورێ، ئۆلیکساندر سیرۆتا، ئۆغوزخان مەتور، ئاتاکان موجدە، ئەندرێ بیۆگۆ پۆکۆ و دیلهان دەمیر کۆتاییهاتووە.
لە راگەیێندراوەکەی یانەکەدا هاتووە، "سوپاسی ماندووبوون و هەوڵی هەموو ئەو یاریزانانە دەکەین کە لە ژێر ئاڵای ئامەدسپۆردا خزمەتیان کردووە، هیوای سەرکەوتنیان لە کاروانی وەرزشیی داهاتوویان بۆ دەخوازین."
سەبارەت بە چارەنووسی هەندێک لەو یاریزانانە، میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە کە فێلیکس ئەفێنا گیان، ئەستێرەی گانایی، لەگەڵ یانەی ئیدر گەیشتووەتە رێککەوتن. هەروەها مورات ئوچار گرێبەستێکی یەک ساڵەی لەگەڵ یانەی کایسەری سپۆر واژۆ کردووە و بیۆگۆ پۆکۆش پەیوەندی بە ریزی یانەی سارییەر-ەوە کردووە.
لە دوایین یاریی خولی یانە پلە یەکەکانی تورکیادا، رۆژی 2ـی ئایاری 2026، یانەی ئامەدسپۆر لە دەرەوەی یاریگەی خۆیدا رووبەڕووی ئیدرسپۆر بووەوە و هەردوو یانە بە ئەنجامی 3 گۆڵ یەکسان بوون. بەمەش کۆی خاڵەکانی گەیاندە 74 خاڵ و گەیشتە خولی نایابی تورکیا.
یانەی ئامەد سپۆر لە ساڵی 1972 دامەزراوە. لە وەرزی 2023-2024دا بووە پاڵەوانی خولی دووەمی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا و گەیشتە خولی پلە یەک. لە وەرزی 2025-2026 گەیشتە خولی نایابی تورکیا (سوپەر لیگ). دووجار بووە پاڵەوانی خولی سێیەم و سێ جار بووە پاڵەوانی خولی دووەمی یانەکانی تۆپی پێی تورکیا. رەنگی درێسی فەرمیی یانەکە سپی و سوور و سەوزە.



