رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی بیروباوەڕێکی تایبەتەوە، خاڤیێر میلی، سەرۆکی ئەرجەنتین بڕیاریداوە ئامادەی یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵ، لە نیوجێرسی ئەمریکا نەبێت، ئەگەرچی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی، لایەنێکی یارییەکەیە.
رۆژی یەکشەممە، کاژێر 22:00 بەکاتی باشووری کوردستان، هەردوو هەڵبژاردەی ئەرجەنتین و ئیسپانیا لە یاریی کۆتایی مۆندیالی ئەمساڵدا بەیەکدەگەن.
سەرۆکی ئەرجەنتین لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنامەوانیدا دەڵێ، ئەو واز لە هەندێک سرووش و بیروباوەڕی تایبەتی خۆی ناهێنێت، لە ژێر هیچ بارودۆخێکدا.
میلی دووپاتیکردووەتەوە، ئەو باوەڕی بەهەندێک شت هەیە کە بەختی بۆ دەهێنن، لەوانەش تەماشاکردنی سەرجەم یارییەکانی هەڵبژاردەی وڵاتەکەی لە بارەگای سەرۆکایەتیی وڵاتەوە لە ئۆلیڤۆس، وەک ئەوەی بەدرێژایی ماوەی پاڵەوانێتییەکە هەمان کاری کردووە.
سەرۆکی ئەرجەنتین بیانووی ئامادەنەبوونی لە یاریی کۆتایی مۆندیالی 2026 دەڵێ، "بەردەوام دەبم لە بینینی یارییەکان لە ئۆلیڤۆسەوە، وەک ئەوەی لە رۆژی یەکەمی پاڵەوانێتییەکەوە کردوومە".
لە وەڵامی پرسیارێکدا، لەبارەی ئەوەی کە ئایا ئەو بڕوای بەخەیاڵات و خورافە هەیە بۆیە ناچێتە یاریی کۆتایی مۆندیال؟ ئەو دەڵێ "بەڵێ".
میلی زیاتر سرووشە تایبەتەکەی خۆی ئاشکراکردووە و روونیکردووەتەوە کە ئەو، بەر لە یارییەکە درێسێکی کۆمپانیای YPF حکومیی تایبەت بە بەرهەمهێنانی وزە لەبەردەکات و زیاتر دەڵێ، "رۆژی یارییەکەی سویسرا، درێسەکەم لەبەردابوو، زۆر گەرمام بوو، درێسەکەم دانا و دەستبەجێ گۆڵمان لێکرا، بەپەلە لەبەرمکردەوە و لەوکاتەوە ئیدی هەر لەبەرمدایە".
بڕیارەکەی سەرۆکی ئەرجەنتین، تەواو پێچەوانەی بڕیاری ئیسپانییەکانە. دیوانی شای ئیسپانیا ئاشکرایکردووە، شا فلیپی شەشەم ئامادەی یاریی کۆتایی مۆندیال دەبێت لەسەر یاریگای میتلایف لە نیویۆرک.
ئەوەشی ئاشکراکردووە، شای وڵات هەریەکە لە شاژنە لیتیزیا و هەردوو پرێنسیس لیۆنۆر و ئینڤانتا سۆفیا، یاوەری دەبن، بۆ پشتگیریکردنی هەڵبژاردەی وڵاتەکەیان، لە یارییەکەدا.




