ئامادەکردنی: محەممەد عەزیز ساڵی داهاتوو، وانەی شەترەنج بە فەرمی لە قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەخوێندرێت. پڕۆگرامەکە بۆ پۆلەکانی (7، 8 و 9)ی بنەڕەتی زیادکراوە، ئەو مامۆستایانەی وانەکە دەڵێنەوە، خولی راهێنانی تایبەتیان بۆ کراوەتەوە. ئەمڕۆ پێنجشەممە، 16ی تەممووزی 2026، حەسەن سەرتیپ، بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەشە وانەی شەترەنج بۆ پۆلەکانی حەوتەم، هەشتەم و نۆیەمی بنەڕەتی ئامادەکراوە. وەرزی داهاتوو، یەکەم ساڵ دەبێت ئەو وانەیە بە فەرمی لە قوتابخانەکاندا بگوترێتەوە". سەبارەت بە گوتنەوەی وانەکە، حەسەن سەرتیپ، ئاماژەی بەوە کرد، "وانەکە لە تەواوی قوتابخانەکانی هەرێمی کوردستان دەگوترێتەوە، لەو رۆژانەی بەهۆی نالەباریی کەش و هەوا ناتوانرێت لە حەوشەی قوتابخانەکاندا وانەی وەرزش بخوێندرێت، شەترەنج لە نێو پۆلەکاندا دەبێتە جێگرەوەی وەرزشی دەرەوە". بەڕێوەبەری پڕۆگرامەکان لە وەزارەتی پەروەردە باسی لە گرنگیی ئەم هەنگاوە کرد و گوتیشی: "وەرزشێکی گرنگی مێشکە، هاوکاریی زیاتری گەشەکردنی هزری و بەرزکردنەوەی توانای بیرکردنەوەی قوتابییان دەکات". لەبارەی زیادکردنی ئەم وانە، دڵزار حەمە ساڵح، سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد، بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "تاکی کورد زیرەکە و دەمانەوێ هاوشانی وڵاتانی دیکە پەرە بە تواناکانی بدەین. بیرۆکەی ئەو پڕۆژەیەمان لە رووسیا و زانکۆکانی مۆسکۆ و ئەورووپا هێناوە." دڵزار حەمە ساڵح گوتیشی: "شەترەنج دەبێتە بەشێک لە وانەی وەرزش، مامۆستایانی وەرزش، شەترەنجیش دەڵێنەوە، لای ئێمە راهێنانی زۆر باشیان پێکراوە و بە تەواوی بۆ گوتنەوەی وانەکە ئامادە کراون". سەرۆکی یانەی شەترەنجی خانزاد گوتیشی، "هەوڵ دەدەین لە چەند ساڵی داهاتوودا، وانەکە بۆ پۆلەکانی 10 و 11ش زیادبکەین".