رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید و ئاردا گولەری یاریزانی هێڵی ناوەڕاست گەیشتنە رێککەوتن بۆ درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2031، ئەوەش دوای ئەوەی یاریزانەکە بووەتە یەکێک لە یاریزانە هەرە گرنگەکانی یانەکە.
ڕۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە یاریزانەکە لەگەڵ یانەکە رێککەوتووە لەسەر درێژکردنەوەی گرێبەستەکەی.
ئەمە یەکەم نوێکردنەوەی گرێبەستەکەیەتی لە کاتی هاتنییەوە، بەمەش کۆتایی بەو دانوستاندنانە هات کە رۆژنامەی ئەی ئێس بۆ یەکەمجار لە 10ی مانگی 9ی ئەمساڵ ئاشکرای کردبوون.
رێککەوتنە نوێیەکە رەنگدانەوەی ئەو رۆڵە گەشەسەندوو و گرنگەیە کە گولەری تەمەن 21 ساڵ لە پێکهاتەی یانەکەی پایتەختدا دەیگێڕێت لە چوارەم وەرزی خۆی وەک یاریزانی مەدرید.
سەرەڕای درێژکردنەوەی ماوەی مانەوەی لە مەدرید، رێککەوتنەکە زۆربوونی مووچەش لەخۆدەگرێت کە لەگەڵ ئەو پێگە نوێیەیدا دەگونجێت کە لەناو یانەکەدا بەدەستی هێناوە.
لە کاتی هاتنی خۆزێ مورینیۆوە، گولەر بووەتە بەشێکی سەرەکی و بەردەوام لە پێکهاتەکەدا، بەجۆرێک لەم وەرزەدا تاوەکو ئێستا 5 جار لە پێکهاتەی سەرەکیدا بەشداری کردووە. یاریزانەکە لە وەرزی رابردووشدا رۆڵێکی گەورەی هەبوو، کاتێک لە 40 یارییدا بە شێوەی سەرەکی یاریی کرد و وەرزەکەی بە تۆمارکردنی 6 گۆڵ و دروستکردنی 14 گۆڵ کۆتایی پێهێنا، بەمەش بووە باشترین ئەستیستکار لە ریزەکانی یانەکەدا.
گولەر پەیوەندی دەکات بەو کۆمەڵە یاریزانەی کە گرێبەستی درێژخایەنیان لەگەڵ یانەکەدا هەیە؛ دیۆماندێی یاریزانی نوێ گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2033یە، لە کاتیێکدا گرێبەستەکانی ڤینیسیۆس و کوکورێیا تاوەکو ساڵی 2032 بەردەوام دەبن.
لە هەمان کاتدا، گرێبەستەکانی ترێنت، کارێراس، چوامینی، ئێسپی، ئێستاش گولەر تاوەکو ساڵی 2031 درێژەیان هەیە.
بەپێی هەمان راپۆرت، تیبۆ کورتوای گۆڵپارێز یاریزانی داهاتووە لە لیستی ئەو یاریزانانەی گرێبەستەکانیان نوێ دەکەنەوە، کە ئەمجارەیان درێژکردنەوەکە بۆ ماوەی یەک ساڵ دەبێت.




