رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت "چێژ لە بردنەوەمان لە ئینگلتەرا وەربگرن، ئێمە بۆ بردنەوە دەچینە یاریی کۆتایی مۆندیال".
سکالۆنی دوای بردنەوەی ئەرجەنتین لە ئینگلتەرا لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گوتی "ئێوارەی هەمووتان باش. تەنانەت نازانم ئێستا کاژێر چەندە. شەش، حەوت، پێموایە لەوێ لە ئەرجەنتین کاژێر حەوتە. چێژی لێ وەربگرن؛ پێموایە تەنیا گەیشتن بە نیوەی کۆتایی شتێک بوو شایەنی چێژوەرگرتن و ئاهەنگگێڕان بێت، چ جای ئێستا کە گەیشتووینەتە یاریی کۆتایی. پێشموایە دەبێت هەمووان سوپاسی یاریزانەکان بکەن. باسکردنی ئەم گرووپە و گوزارشت لێکردنیان بە راستی قورسە، چونکە بە راستی لێرەدا دەنگم دەنووسێ، ئەمە شتێکە زۆر مانای هەیە. ئەمە نیشاندانی رۆحیەتی بەکۆمەڵە، ئەو برایەتییەی تێیداین، ئەو جەنگەی تاوەکو کۆتایی دەیکەین."
راهێنەری ئەرجەنتین لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باس لە گەیشتن بە یاریی کۆتایی دەکات و دەڵێت "دەچین بۆ یاری کۆتایی. هەوڵ دەدەین یاری کۆتایی ببەینەوە. دەزانم ئێوەش درکی پێدەکەن و دەیزانن، ئەوانیش زۆر باش ئاگادارن کە ئەم تیپە چەند تایبەتە. زۆر شتی دیکەم نییە بیڵێم. ئەمە هەمووی بە هۆی ئەوانەیە. دەمەوێت سوپاسیان بکەم. بێ ئەوان، هەموو ئەمانە مەحاڵ دەبوون. ئەم گرووپە ناوازەیە. بێگومان، دەمەوێت پەیامێکی تایبەتیش بدەمە ئەو یاریزانانەی زۆر یاری ناکەن، ئەوانەی لە دەرەوە پشتیوانی دەکەن و بە باشی راهێنان دەکەن. هەندێکی دیکەیان یاری دەکەن، هەروەها ئەوانەی وەک یەدەگ هاتنە ژوورەوە و گۆڕانکارییەکی گەورەیان دروستکرد. لە کۆتاییدا ژیان کەمێک لە تۆپی پێ دەچێت؛ دەبێت هەندێک جار بەو هەستەوە بچیتەوە ماڵەوە کە هەموو شتێکی خۆتت بەخشیوە. ئەم کوڕانەش هەر ئەوەیان کرد، خۆیان سەلماند."
لیۆنێل سکالۆنی باس لە رووبەڕووبوونەوەی ئیسپانیا دەکات لە یاریی کۆتایی و گوتی "تیپێکی گەورەن، تیپێکی بەهێزن. دەتوانم بڵێم ئەوان شایەنی بردنەوەی ئەو یارییەی نیوەی کۆتایی بوون. زۆر بە باشی یارییان کرد. تیپێکیان بەزاند کە من پێموابوو بردنەوە لێیان زۆر قورسە، زۆر بە روونی و بێ چەندوچوون لێیان بردەوە. کەمێک یارییەکەمان شیکردەوە، هەر لەو کاتەشەوە وەک رکابەرێکی ئەگەری سەیری ئەوانمان دەکرد. ئێستاش بە وردتر و بە لەبەرچاوگرتنی هەندێک گۆڕانکاری شیکردنەوەمان بۆ کردوون. تیپەکەیان نایابە و هەمووان دەزانن چۆن یاری دەکەن. هەموو کەس شێوازی یاریی ئیسپانیا دەناسێت. ئێمە ئامادەین و خۆمان ئامادەدەکەین. رووبەڕوویان دەبینەوە و هەوڵ دەدەین نمایشێکی باش پێشکەش بکەین تاوەکو خەڵک چێژ لە یارییەکە وەربگرن."




