رووداو دیجیتال
یەکێتیی بالەی عێراق بەشێوەیەکی فەرمی لیستی نوێی ناوی یاریزانانی هەڵبژاردەی بالەی خانمانی عێراقی بڵاوەکردەوە، ساسان گورگیس، وەرزشڤانی ناسراوی شارۆچکەی عەنکاوەی هەولێریش بووە سەرپەرشتیاری تیپەکە.
بڕیارە هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق ناوەڕاستی مانگی هەشتی ئەمساڵ بەشداریی یارییەکانی وڵاتانی ئاسیا لە چین بکات، رۆژی 20 ئەم تیپەکە لە گۆڵی ئەکاد عەنکاوە راهێنان و ئامادەکارییەکانی دەستپێدەکات.
ساسان گورگیس، دەرچووی کۆلیژی پەروەردەی وەرزشی زانکۆی سەڵاحەدینە، یاریزانی بالەی یانەی ئەکاد عەنکاوە بووە، ساڵانێکی زۆرە وەک ئەندامی دەستەی کارگێڕیی و سەرپەرشتیاری تیپی بالەی کچان دەیان نازناوی بۆ یانەکەی عەنکاوە بردووەتەوە، لێهاتوویی لە کارەکانی وایکردووە کە یەکێتیی بالەی عێراق سەرکردایەتی هەڵبژاردەکەی بدەنێ.
سەرپەرشتیاری هەڵبژاردەی کچانی عێراق لەبارەی ئەرکەکەی و ئامادەکاریی تیپەکەیان بۆ رووداو سپۆرتس گوتی "سوپاسی یەکێتیی بالەی عێراق دەکەم بۆ ئەوەی جارێکی دیکە وەک ساڵانی رابردوو ئەرکی سەرپەرشتیاریی تیپەکەیان پێدام، هەموو هەوڵ و کارێکمان بۆ خزمەت و بەدەستهێنانی ئەنجامێکی باشە لە پاڵەوانێتیی وڵاتانی ئاسیا لە چین".
راندی مەتی، راهێنەری هەڵبژاردەی عێراقە کە خاوەن بڕوانامەی دکتۆرایە لە پەروەردەی وەرزش و راهێنەری یانەی ئەکاد عەنکاوەیە، پێکهاتەی یاریزانانیشی بریتین: هەمیشە وشیار، ڤیۆلێت یوخەنا، فاتمە زەهرا، ئەماندا ئەدوەر، راکێلا کامیران، فاتمە رەعد، نایری نەبیل، مۆرین سەبری، تەهانی رەعد، کاژین جەلال، ڤانێست بڕیار، دیە وەلی، هیرۆ ئیبراهیم، نۆرما مونیر، دەشنێ قاسم، دورین رومێل، هێلین عومەر، قەمەر حەیدەر، مریەم سادق.
پێشتر هەڵبژاردەی بالەی کچانی عێراق بەشداریی پاڵەوانێتیی رۆژئاوای ئاسیای کردووە، ئەمساڵ تیپەکە چاوی لە ئەنجامێکی باشە و خاوەن پلەکانی پێشەوەی ریزبەندی مافی بەشداریکردن لە ئۆڵۆمپیادی داهاتوو وەردەگرێت.




