رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل مێسی، ئەستێرە و کاپتنی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال بۆ جاری دووەم لەسەریەک کارێکی بچووک نییە و کەس هیچی پێنەداوین.
دوای بردنەوەیان لە ئینگلتەرا بە دوو گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک و گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال، مێسی بۆ رۆژنامەڤانان قسەیکرد.
لیۆ دوای یارییەکە گوتی "ئەوەی ئەم تیپە جارێکی دیکە بەدەستیهێنا، کە گەیشتنە بە یاری کۆتایی مۆندیال، شێتانەیە. ئێمە وەک پاڵەوانی جیهان هاتوینەتە ئێرە و لە چوار ساڵی رابردوودا باشترینی جیهان بووین. با بۆ هەرکەسێک ناخۆش بێت یان هەرچییەک بڵێن گرنگ نییە، ئەمڕۆ جارێکی دیکە خۆمان خستەوە ریزی دوو باشترینەکەی جیهان، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە هەموو ئەوەی کردوومانە بەڕێکەوت نەبووە و کەس هیچ شتێکی بە دیاری پێ نەبەخشین."
مێسی زیاتر دەڵێت "گەیشتن بە دوو یاری کۆتایی مۆندیال لەسەریەک کارێکی بچووک نییە و ئەم گروپە بەدەستی هێنا."
لیۆ لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا دووپاتیکردەوە کە متمانەی بە تیپەکە هەبووە و گوتی "من هەرگیز گومانم نەبووە و دەمزانی کە بە لایەنی کەمەوە لە ناو چوار تیپە کۆتاییەکەدا دەبین، دەشمزانی ئەم گرووپە کاتێک کۆدەبنەوە، شتێکی تایبەت لە ناخیانەوە دەردەخەن، ئازارەکانیان نامێنێت و لە رووی جەستەییەوە خۆیان ئامادە دەکەن، وەک ئەوەی ئەمڕۆ بینیمان یاری دەکەن و هەرگیز لە هەوڵدان ناوەستن."
مێسی لە مۆندیالدا سەرەڕای ئەوەی دوو لێدانی سزای لەدەستداوە، بەڵام 8 گۆڵی تۆمارکردووە و چوار گۆڵیشی دروستکردووە، ئەو گۆڵکاری مۆندیالە و لە یاریی کۆتاییە.
رۆژی یەکشەممە لە یاریی کۆتایی مۆندیالدا ئەرجەنتین بەرامبەر ئیسپانیا یاریی دەکات، لەو یارییەدا کە کاژێر 22:00 بەڕێوەدەچێت.




