رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی عێراق سەرەڕای شکستەکەی بەرامبەر هەڵبژاردەی سعودیە بە دوو گۆڵی بێبەرامبەر، ماڵئاوایی لە جامی کەنداوی 27 نەکردووە و تیروپشک چارەنووسی سەرکەوتنی بۆ قۆناخی پێش کۆتایی لەنێوان عێراق و عومان یەکلایی دەکاتەوە.
لە دوایین گەڕی یارییەکانی کۆمەڵەی یەکەم لە خەلیجی 27، هەڵبژاردەی عێراق بە ئەنجامی 0-2 بەرامبەر سعودیە دۆڕا، هاوکات هەڵبژاردەی عومان بە ئەنجامی 3-1 لە کوێتی بردەوە. بەم ئەنجامانە هەردوو هەڵبژاردەی عێراق و عومان بوونە خاوەنی 4 خاڵ لە پلەکانی دووەم و سێیەمی کۆمەڵەکەدا.
بەپێی پێوەرەکانی جیاکردنەوەی ریزبەندی، هەردوو هەڵبژاردە لە ئەنجامی رووبەڕووبوونەوەی راستەوخۆدا یەکسان بوون، هەروەها لە جیاوازی گۆڵ و ژمارەی گۆڵە تۆمارکراو و لێکراوەکانیشدا تەواو هاوتان، بەجۆرێک هەریەکەیان 4 گۆڵی کردووە و 5 گۆڵی لێکراوە. هاوتاییەکە لە خاڵەکانی یاریی خاوێنیشدا دووبارەبووەتەوە و هەردوو هەڵبژاردە لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا 8 کارتی زەردیان وەرگرتووە.
رێنوێنییەکانی پاڵەوانێتییەکە ئاماژە بەوە دەکەن لە کاتی یەکسانبوونی دوو هەڵبژاردە لە سەرجەم پێوەرەکاندا، پەنا بۆ تیروپشک دەبرێت بۆ دیاریکردنی دووەمی کۆمەڵە و سەرکەوتووی دووەم بۆ قۆناخی پێش کۆتایی لە تەنیشت هەڵبژاردەی سعودیە، هەربۆیە بڕیارە بە ئەنجامدانی تیروپشک چارەنووسی هەڵبژاردەکان یەکلایی بکرێتەوە.




