رووداو دیجیتاڵ
یاریزانانی هەڵبژاردەی ئەرجەنتین پاش بردنەوە لە ئینگلتەرا بە 2 - 1 گۆڵ و گەیشتن بەیاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە، دروشمی سیاسییان بەرزکردەوە و ئەوەش ئەگەری سزادانی ئەوانی بەتووندی لەلایەن فیفاوە، هێناوەتە ئاراوە.
لە دوای ئاهەنگگێڕان ابۆ بردنەوەی یارییەکەی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، یاریزانان ئەرجەنتین هەریەکە لە جیۆڤانی لو سێلسۆ و لیساندرۆ مارتینێز، دروشمێکیان بەرزکردەوە کە لەسەری نووسرابوو، "دوورگەکانی مالڤین ئەرجەنتینییە"، بەرلەوەی ژمارەیەک یاریزانی دیکە هەمان دروشم بەرز بکەنەوە.
دروشمەکە ئاماژەیە بۆ دوورگەکانی فۆکلاند، کە ئەرجەنتینییەکان بە مالڤین ناوی دەبەن و جێگای مشتومڕ و ناکۆکییەکی گەورەی نێوان هەردوو وڵات، ئینگلتەرا و ئەمریکایە و بەهۆیەوە ساڵی 1982 جەنگێکی خوێناوی لە نێوان سوپای هەردوو وڵاتدا بەرپابوو، کە زیاتر لە هەزار سەربازی هەردوولا و خەڵکی سڤیلی دوورگەکە تێیدا بوونە قوربانی.
دوای چوار دەیە لەو رووداوە، هێشتا مشتومڕی نێوان ئەرجەنتینی و ئینگلیزەکان لەسەر ئەو دوورگانە بەردەوامە، لە کاتێکدا دوورگەکان لە ژێر دەسەڵاتی بەریتانیادان.
بەپێی یاساکانی فیفا، یاریزانان نابێ هیچ پەیامێکی سیاسی بەرز بکەنەوە، دەقی یاساکەی فیفا دەڵێ، "نابێ هیچ کەلوپەلێکی یاریزانان هیچ دروشم و بۆچوونێکی سیاسی، ئاینی و کەسیی تێدا بێت. هەروەها نابێ یاریزانان جلەکانی ژێرەوەیان ئاشکرا بکەن و نمایشی دروشمی سیاسی یان پەیامی وێنەدار، یان ئایینی یان کەسی بکەن. یان رێکلام بۆ بۆ هیچ کۆمپانیایەک بکەن، جگە لە کۆمپانیای دروستکەر نەبێت".
یاساکە هەروەها دەڵێ، "هەر سەرپێچی و لادانێک یاریزانەکە یان تیپەکەی لەلایەن رێکخەری پاڵەوانێتییەکە یان فیدراسیۆنی تۆپی پێی وڵاتەکەیەوە سزا دەدرێت".
یاساکانی فیفا هەروەها دەڵێن کە "دروشم، بڵاوکراوە، یان جلوبەرگی گوزارشتکار لە بابەتی سیاسی، یان جیاکاری یان سووکایەتیکردن، کە سیمبول و داڕشتنی جیاکاری یان هەڵوێست لە دژی وڵاتێکی دیاریکراو یان گرووپ و کۆمەڵەی جیاواز، یان رەنگی پێست، یان کۆمەڵایەتی، کەمئەندام، ئایین و زمان و بۆچوون سیاسی، یان لەدایکبوون، یان سامان و هەر گوزارشتێکی دیکە قەدەخەیە".
بەپێی ئەو یاسایانە، میدیاکان پێشبینیدەکەن هەڵبژاردەی ئەرجەنتین بەهۆی دروشمەکەی دوێنێ شەوەوە، رووبەڕووی سزای تووندی پێبژاردن و بێبەشکردن بۆ دوو یاریی هەندێک یاریزان و هەر سزایەکی دیکەی جیاواز ببێتەوە.




