رووداو دیجیتاڵ
هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دووەم بلیتی یاریی کۆتایی جامی جیهانیی 2026ی دەستەبەر کرد، دوای ئەوەی بە شێوازێکی دراماتیکی و سەرنجڕاکێش لە هەڵبژاردەی ئینگلتەرای بردەوە، لە چوارچێوەی یارییەکانی قۆناخی پێش کۆتایی مۆندیالدا.
هاوڕێیانی مێسی دواکەوتنیان بە گۆڵێک لە دوا ساتەکاندا بۆ سەرکەوتن بە ئەنجامی 2-1 وەرچەرخاند، بە سیناریۆیەکی کوشندە.
یارییەکە بە گەرمی دەستی پێکرد و لە خولەکەکانی سەرەتادا گرژی لە نێوان یاریزاناندا دروستبوو، دوای ئەوەی ئینزۆ فێرناندێز بە توندی لە ئاندێرسۆنی دا.
پاشان جود بێلینگهام لەگەڵ چەند یاریزانێکی ئەرجەنتین کە لە سەروویانەوە مێسی بوو دەمەقاڵێی دروستکرد، بەڵام کێشەکە بە خێرایی کۆنتڕۆڵ کرا.
گێمی یەکەم بەبێ دروستبوونی مەترسییەکی ئەوتۆ و بە یەکسانبوون کۆتایی هات.
بەڵام گێمی دووەم بە تەواوی جیاواز بوو؛ ئەرجەنتینییەکان بە هێرشبەری و گوشارێکی زۆرەوە دەستیان پێکرد، لە بەرامبەردا کوڕانی تۆماس توخێل پشتیان بە هێرشی پێچەوانە بەست.
ئینگلیزەکان ئەوەی دەیانویست پێی گەیشتن؛ لە هێرشێکی پێچەوانەی خێرادا مۆڕگان رۆجەرس لە لای راستەوە تۆپێکی بۆ نێو ناوچەی سزای ئەرجەنتین بەرزکردەوە، ئانتۆنی گۆردۆنیش بە لێدانێکی بەهێز راستەوخۆ تۆپەکەی خستە نێو تۆڕی گۆڵەوە و ئینگلتەرای کردە خاوەنی گۆڵی یەکەم.
پێنج خولەک پێش کۆتاییهاتنی کاتی یاسایی یارییەکە، ئینزۆ فێرناندێز بە لێدانێکی موشەکئاسا و سەرنجڕاکێش گۆڵی یەکسانبوونی بۆ ئەرجەنتین تۆمارکردەوە.
خولەکەکانی کۆتایی لاوتارۆ مارتێنێز بە لێدانی سەری تۆپەکەی رەوانەی تۆڕی گۆڵ کرد و گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد، بە سیناریۆیەکی بکوژ بلیتەکە بەدەستبهێنێت.
بە بەدەستهێنانی ئەم سەرکەوتنە، هەڵبژاردەی ئەرجەنتین رۆژی یەکشەممەی داهاتوو لە یاریی کۆتایی جامی جیهانیدا رووبەڕووی هەڵبژاردەی ئیسپانیا دەبێتەوە.




