رووداو دیجیتاڵ
لیۆنێل سکالۆنی، راهێنەری هەڵبژاردەی ئەرجەنتین دەڵێت یارییەکەمان بەرامبەر ئینگلتەرا جگە لە یارییەکی تۆپی پێ هیچ شتێکی دیکە نییە و ئیسپانیا بە شایستەییەوە گەیشتە یاریی کۆتایی مۆندیال.
سکالۆنی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی پێش یارییەکە لەبارەی ئەوەی سەیری یاریی ئیسپانیا و فەرەنسای کردووە؟ گوتی "بەڵێ، کەمێک سەیری یارییەکەی ئیسپانیام کرد و بەپێی ئەوەی بینیمان، ئیسپانیا شایستەی سەرکەوتن بوو. ئەوان زۆر بەهێز یارییان کرد و بە درێژایی پاڵەوانێتییەکە گەشەیان کردووە. رەنگە ئەوان تۆکمەترین تیپ بن و سەرکەوتن چونکە شایستەی بوون. سەبارەت بە لایەنی سۆزداری و دەروونیی رووبەڕووبوونەوەی ئینگلتەرا، وەک پێشتریش گوتم، ئەمە تەنیا یارییەکی تۆپی پێیە. بۆیە ناتوانم شتەکان تێکەڵ بکەم و دەست بکەم بە قسەکردن لەسەر ئەوەی چەندین ساڵ پێش ئێستا روویداوە. ئەوە شتێکی مێژوویی و خەمناک بوو و هیچ پەیوەندییەکی بە ئێمەی ئەمڕۆ یان سبەینێوە نییە. تەنیا یارییەکی تۆپی پێیە."
سکالۆنی باس لە کاریگەرییەکانی کێشە مێژووییەکەی نێوان هەردوو وڵاتی ئەرجەنتین و بەریتانیا دەکات و دەڵێت "هێنانەناوەوەی ئەو مێژووە بۆ ناو ئەو سەردەمەی ئێستا تێیدا دەژین، کەمێک سەیر دەبێت. چونکە، رەنگە ئێمە رەخنە لە جەنگێک بگرین کە لەو سەری گۆی زەوی روودەدات و پێموابێت ئەوە شێتییە. بێگومان، ئێمە خەڵکەکەمان بە روونی لەبیرە، بەڵێ، بەڵام ئەمە تەنیا یارییەکە. یارییەکی تۆپی پێیە و پێویستە شتەکان لە یەکدی جیا بکەینەوە. بەڵێ ئێمە ئەرجەنتینییەکانمان لەبیرە، ئەو کەسانەمان لەبیرە کە لەو جەنگەدا گیانیان لەدەستدا. بەڵام با شتەکان تێکەڵ نەکەین. یاریزانان چ پەیوەندییەکیان بەوەوە هەیە کە چەندین و چەندین ساڵ پێش ئێستا روویداوە؟ کاتێکی زۆر خەمناک بوو، بێگومان ئەوەمان لەبیرە، بەڵام هەڵەیە ئەو بابەتە بخەینە ناو یارییەکەوە."
راهێنەری ئەرجەنتین ئامادەیی تیپەکەی بۆ یارییەکە دووپاتکردەوە و رایگەیاند، گەیشتن بە قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال، شتێکە کە رێگەت پێنادات بیر لە ماندوێتی و شەکەتی بکەیتەوە. هەر کەسێک ماندوو بێت، یاری ناکات. ئەو یاریزانانەی یاریی دەکەن لە رووی جەستەییەوە تەواو ئامادەن. یارییەکە پێویستی بەوەیە هەمووان لە باشترین ئاستی خۆیاندا بن. یارییەکە رەنگە بە جۆرێک بێت کە بتوانیت ماندوێتی پشتگوێ بخەیت. هەمووان ئامادەن و لەبەر دەستن.




