رووداو دیجیتاڵ
1310 رۆژ لەمەوبەر، گۆڵێکی تۆمارکرد و هاوکاریی تیپەکەی کرد بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال، لەو شەوەی لوسەیلەوە تاوەکو ئەمشەوی ئاتلانتا، هەمووان ناوی ئەو دەڵێنەوە و چاوەڕێی شەوێکی تایبەتی ئەو دەکەن، کاتێک دەردەکەوێت و رکابەری لەسەر گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال دەکات.
لیۆنێل مێسی، ئەو ناوەیە، ئەو کاپتنەیە، ئەو ئەفسانەیەیە جیهان چاوەڕێی دەکات بۆ جاری دووەم لەسەریەک تانگۆ بباتە یاریی کۆتایی مۆندیال، کاتێک لە دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتاییدا بەرامبەر ئینگلتەرا یاریی دەکەن.
ئەرجەنتین دوایین مەشق و ئامادەکارییەکانی بە ئارامییەکی زۆرەوە ئەنجامدا، هەمووان بۆ رووبەڕووبوونەوەکە ئامادەن، یارییەک کە تێیدا دوو تیپی نێودار و بەتوانا رووبەڕووی یەکدەبنەوە، یارییەک کە تێیدا ئەستێرەکان رکابەریی یەکدی دەکەن بۆ ئەوەی شوێنی خۆیان لە یاریی کۆتایی مۆندیال بکەنەوە.
تانگۆ خاوەنی هێڵێکی هێرشبەریی بەهێزە و 17 گۆڵی لەم مۆندیالەدا لە شەش یاریی رابردوودا تۆمارکردووە، مێسی سەرکردەی ئەو هێڵە بەهێزەی هێرشبەرییە و خاوەنی 8 گۆڵە، ئێستا دوای ماڵئاواییکردنی رکابەرەکەی لە مۆندیالدا ئەو لەبەردەم هەلێکی گەورەدایە بۆ ئەوەی گۆڵەکانی زیاتر بکات و ببێتە گۆڵکاری مۆندیال.
60 ساڵە نەگەیشتوونەتە یاریی کۆتایی، ئێستا پێکهاتەیەکی پڕ لە ئەستێرەی هەیە، لە هەر هێڵێک دەڵێی، تیپەکە پڕە لە یاریزانی نێودار و باش، گۆڵکارەکەیان شازادەیە و ناوەڕاستکارەکەیان بێ وێنەیە، کەین و جود دەیانەوێت سەرکردایەتیی ئینگلتەرا بۆ گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال، بەڵام پێویستە لە پاڵەوان ببەنەوە.
ئینگلتەرا، بۆ یاریی لووتکە و دووەم یاریی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال ئامادەیە، کاتێک ئەمشەو بەرامبەر ئەرجەنتین، پاڵەوانی مۆندیالی رابردوو یاریی دەکات.
هەڵبژاردەکە لە دوو یاریی رابردوودا لە دوو تیپی باشی ئەم پاڵەوانێتییەی بردووەتەوە، ئەمجارە ئاڵنگارییەکی مێژووییان هەیە، بەرامبەر ئەو تیپەی چوار ساڵە پاڵەوانی جیهانە، بەرامبەر ئەو تیپەی خاوەنی مێسییە.
هاری کەین و جود بێلینگهام، دوو دیارترین ئەستێرەی ئەم هەڵبژاردەیەن، هەریەکەیان شەش گۆڵیان تۆمارکردووە و لە باشترین کاتەکانیاندان بۆ بەدەستهێنانی دەستکەوتێکی دیکەی مێژوویی و گەیشتن بە یاریی کۆتایی مۆندیال.
ئینگلتەرا لە 1966ـەوە نەچووەتە یاریی کۆتایی، ئەو کاتەی چوون بوونە پاڵەوان، لە 2005ـەوە بەرامبەر ئەرجەنتین یارییان نەکردووە، لە مێژوودا لە کۆی 14 یاریی نێوان هەردوولادا 5 یارییان بردووەتەوە، ئەرجەنتین 3 یاریی بردووەتەوە و 6 یارییان بە یەکسانبوون تەواو بووە.
ئەمشەو کاژێر 22:00 یاریی دووەمی قۆناخی پێشکۆتایی مۆندیال دەکرێت، لەنێوان مێسی و کەیندا یەکێکیان دەگاتە یاریی کۆتایی و ئەوەی دیکەیان بۆ دیاریکردنی پلەی سێیەم رکابەریی ئێمباپێ دەکات.




